ڕێبەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان بڵاوكرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێبەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکانی  بەسەر پەروەردەی گشتی پارێزگاکان بڵاوكردەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی خوێندنگەکانەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشبکرێت.

 ڕێبەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە (٧٥) هەزار دانەی لێ چاپکراوە، لە ڕۆژانی لە ڕێگەی پەروەردەکانەوە بەسەر سەرجەم خوێندنگەکان دابەش کرا بەمەبەستی گەیشتن بە دەستی دەرچووانی قۆناغی پۆلی ١٢ی ئامادەیی.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە خوێندکاران قوتابیان دەکات بەوردی رێبەری وەگرتن بخوێننەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پڕکردنەوەو پێشکەشکردن فۆرم بۆ زانکۆلاین هەڵە نەکەن و، ڕێنماییەکان بەووردی بخوێنە‌وە و لەبەرچاوی بگرن. چونکە زۆرگرنگە هەڵبژاردنەکانت لەگەڵ ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت بگونجێت. وەرگیرانت لە هەر خوێندنێک بە لەبەر چاوگرتنی ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت مانای ئەوەیە، کە تۆ هێڵە گشتییەکانی دوا ڕۆژی خۆت دیاری کردوە.
لە ڕێبەری وەرگرتندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانی وەرگرتنی خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێم و ڕێنماییەکانی گواستنه‌وه‌ و دابه‌زینی خوێندنی قوتابیان/خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی پێشکەشکردنی فۆرمی زانكۆ لاین و خشته‌ی زانكۆ‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) و هێمای قوتابخانه‌كان/خوێندنگەكان تیادا خراوەتەڕوو.

سەبارەت بە وادەی کاراکردنی (زانکۆ لاین)، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند: دوای گەیشتنی ئەنجامەکانی دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتەکەمان, ڕاستەوخۆ دەستکرا بە پڕۆسەی ووردبینیکردن لە ناوەکانی دەرچوان و خوێندنگەکان بەمەبەستی دڵنیابون لەناوی دوبارەو نەهێشتنی کەموکوڕی لە لیستەکاندا, لە ئێستاشدا پڕۆسەی وردبینیکردن کۆتایی هاتوە.

 وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیبنەوەی زانستی ئاشکراشیکرد: لەئێستادا دەستکراوە بە دانانی (یوزەرنەیم و پاسۆرد) بۆ سەرجەم دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بۆ ئەوەی دوای کاراکردنی (زانکۆ لایەن) خوێندکاران و قوتابیان بتوانن بچنە ناو سیستەمی (زانکۆ لاین) و فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕ بکەنەوە.

سەبارەت بە کاتی کاراکردنی زانکۆ لاین عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: دوای دانانی یوزەرنەیم و پاسۆرد بۆ سەرجەم خوێندکارانی دەرچو, کە وەزارەتەکەمان لە ڕێگەی پەروەردەی گشتی پارێزگاکان و خوێندنگەکان ڕەوانەی خوێندکاران و قوتابیانی دەکات، وێب سایتی (زانکۆ لاین) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت و، وەک ئاگاداریەکیش لە دەزگاکانی راگەیاندنیش بۆ دەرچووان بڵاودەکرێتەوە.
رێبەرەكە لەم لینكەوە وەربگرە:

http://www.mhe-krg.org/ku/node/2458




PM:02:05:21/10/2015