گۆڕان: ھەتا نێچیرڤان بارزانی ئەو کودەتایە چارەسەرنەکات بەسەرۆكی حكومەتی نازانین

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق دەلێت: ھەتاوەکو نێچیرڤان بارزانی ئەو کودەتایە چارەسەرنەکات بەسەرۆكی حكومەتی نازانین.

ھۆشیار عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند: ھەتاوەکو نێچیرڤان بارزانی ئەو کودەتایە چارەسەرنەکات کە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بەسەر شەرعیەتدا کردوویەتی، لای ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان نێچیرڤان بارزانی تەنھا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەو بەھیچ جۆرێک وەک سەرۆکی حکومەت دانی پێدا نانێین و سەرۆکی حکومەت نییە.

وتیشی:"پێویستە چیتر نەوتی خەڵکی کوردستان لەپێناوی دەستەو تاقمێکدا نەفرۆشرێت، چونکە سیاسەتی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەکان کە لەپشکی پارتی بوون، قەیرانەکانیان بەم رۆژە گەیاند".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت:"ئەوان بەڵێنی زۆریان بەخەڵک و پەرلەمانتارانی کوردستان و نوێنەرانی کورد لەبەغدا دا، کە دەتوانن موچە بۆ فەرمانبەران دابین بکەن، بەڵام نەیانتوانی و شکستیان ھێنا".



PM:10:59:21/10/2015