سەدان کوردی رۆژهەڵات و ئەوانی تریش کە دانیشتووی باشوورن و هەندێکیان سەر بەپارتەکانی رۆژهەڵاتن کۆچ بەرەو هەندەران دەکەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ گەیشتوون، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، سەدان کەس بە تایبەت لە ناوچەی موکریانەوە خۆیان گەیاندۆتە ئیستانبووڵ تا لەم شارەوە بە شێوەی نایاسایی و لە ڕێگەی دەریاوە، خۆ بگەیەننە دوڕگەکانی یوونان.
"ڕ.ش"، یەکێک لەو کەسانە، سەبارەت بە کۆچەکەی به ئێنئێنئێسرۆژی ڕاگەیاند کە لەگەڵ گرووپێکی ٥٤ کەسی پێکهاتوو لە چەند بنەماڵە و گەنجی سەڵتی ناوچەی موکریان بە بەلەم[یەخت]ێکی مۆتۆڕدار لە دەریای ئێجەیان داوە و خۆیان گەیاندۆتە دوڕگەی کۆسی یوونان.
ناوبراو دەڵێ قاچاخچییەکانی مرۆڤ، سەرەڕای ئەو پارە زۆرەی کە لە کۆچبەرانی دەیستێنن، بۆ دوورگرتنی خۆیان لە مەترسی نوقمبوون و گیران، خۆ لە سواربوونی بەلەمەکان دەبوێرن و زۆربەی کات، کۆچبەرانی ناشارەزا، خۆیان ناچار دەبن بەلەمەکان بەرەو یوونان بئاژۆن و ئەمەش مەترسی سەر گیانیان سەدقات دەکات.
جگە لەو کوردانەی کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دێن، هەژمارێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەم دواییانەدا، ڕێگەی هەندەرانیان گرتۆتەبەر.