نێچیرڤان بارزانی: چوار لایەنەکە خۆشیان نازانن چیان دەوێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم، دەڵێت" چوار لایەنەکە خۆشیان نازانن چیان دەوێت.

نێچیرڤان بارزانی لەمیانەی دیمانەیەكی لەگەڵ "واحد مركزی خبر"ی كۆماری ئیسلامی ئێران. دەڵێت" یەكەمجار چوارلایەنەكە مەسەلەیەكیان بردە پەرلەمانەوە، بەڵام نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن بۆ یەكلاكردنەوەی. هۆكاری درێژەكێشانی پرسی سەرۆكایەتی تا ئێستا لەراستیدا ئەوەیە كە چوارلایەنەكە خۆشیان نازانن چییان دەوێت. كاك مەسعود دەڵێت بەهۆی ئەو هەڕەشە ئەمنیەوەی كە لەسەر هەرێم بەردەوامە، ئامادەم ئەم دو ساڵە درێژە بەماوەی سەرۆكایەتیەكەم بدەم، یان ئەگەر ئێوە رازین كەسێك كاندید بكەن بۆ ئەم پۆستە. ئەگەر ئەوان بەڕاستی كاندیدێكیان هەیە ئێمە پێشوازی لێدەكەین‌و ئەگەر كاندیدێكیان نیە ئەولویەت لای ئێمە بۆ مەسەلەی جەنگی دژ بەداعشە. ئەوان پێویستە مۆڵەت بدەن بارزانی ئەم دو ساڵە تەواو بكات‌و ئیتر دوای ئەوە كە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، هەر كەسێك بردیەوەو بوە سەرۆكی هەرێم ئەوكات ئێمە پیرۆزبایی لێدەكەین".

سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەو پرسە درێژەی دەداتێ و دەڵێت "پرسی سەرۆكایەتی لەڕێگەی گفتوگۆوە دەتوانین چارەسەر بكەین، بارزانی خوازیارە ئەگەر لایەنەكان نەگەیشتنە رێككەوتن، بەشێوەیەكی یاسایی ئەم دو ساڵە لەپۆستەكەی خۆیدا بمێنێتەوە، چونكە مەسەلەی داعش‌و هەڕەشەی ئەمنی لەسەر هەرێمی كوردستان لەئارادایە، ئەگەر نا ئەوا چوار لایەنەكە دەتوانن كەسێك كاندید بكەن كە ببێتە جێنشینی".
سەبارەت بەهێرشی ساڵی رابردووی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت" ئەو شەوەی مەخمور لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گیراو داعش دەیویست بەرەو هەولێر پێشڕەوی بكات، هەرگیز ئەو شەوەمان لەبیرناچێتەوە، كە بەشێك لەهێزە سەربازییەكان‌و وەزارەتی ئیتیلاعاتی ئێران لەوێ‌ بون‌و كۆمەكیان كردین، ئێمە رۆڵی ئیجابی ئەوان بەرز دەنرخێنین".

دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەكێتی، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئێمە پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیەو ئەوانەی كە هێرشیان كردە سەر بارەگاكانمان لەپارێزگای سلێمانی ژمارەیان زیاتر لەسەد كەس نەدەبو، بەڵام توانیان كێشە بنێنەوە‌و دەنگدانەوەی زۆر هەبو، بۆ نمونە لەم گەشتەمدا بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی بەشداری كردن لەدانیشتنی مونیخ هەمو ئەو دۆست‌و بەرپرسانەی كۆماری ئیسلامی كە چاوم پێیانكەوت خوازیاری ئەوە بون ئەم گرفت‌و پرسە لەگەڵ لایەنەكانی تر لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێت، كە من هیوادارم بتوانین بگەینە رێگاچارەیەك‌و چوارچێوەیەكی لێكتێگەیشتین".



AM:10:51:24/10/2015