نێچیرڤان بارزانی چی لە ئاشتی هەورامی و خالید ساڵح دەکات؟

سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وتەبێژی پێشووتری حکومەتی هەرێم د. خالید ساڵح دەکات بەڕاوێژکاری خۆی بۆ پرسی سامانە سروشتیەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند" نێچیرڤان بارزانی بڕیاریداوە وتەبێژی پێشووتری حکومەتی هەرێم د. خالید ساڵح بکات بە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری سامانە سروشتیەکان".

بەپێی ئەو زانیاریانە دەست سپی کەوتوون، خالید ساڵح کە ماوەی چەند ساڵێكە سەرۆکی زانکۆی کوردستانە کەزانکۆیەکی تایبەتە لەهەولێر و وا ناوزەد دەکرێت کە خاوەنەکەی نێچیرڤان بارزانییە، دوێنێ ١٠/٢٨ دەستی لە پۆستی سەرۆکی ئەو زانکۆیە کێشاوەتەوەو خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەو کارە نوێیەی سەرۆکی حکومەت پێی رادەسپێردرێت.

خالید ساڵح کە لە بنچەدا خەڵکی سلێمانییەو لە خێزانێکی پارتیە، ماوەیەکی زۆر لە دەرەوە ژیاوەو بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە، لەیەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی، ناوبراو کرا بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواتر بۆ ماوەی ساڵیك راوێژکاری وەزیری سامانە سروشتیەکان د. ئاشتی هەورامی بووە، دواتر کراوە بە سەرۆکی زانکۆی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، نێچیرڤان بارزانی بەنیازە رۆڵێکی زیاتر لە راوێژکار لەبواری سامانە سروشتییەکاندا بدات بە د. خالید ساڵح و وردە وردە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتتیەکان لەریزی پێشەوە دووربخاتەوەو تیشکی میدیای لەسەر لابەرێت.

سەرچاوەکەی سپی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بدرێت بە د. خالید ساڵح و ئاشتی هەورامی بکرێت بە راوێژکار لەهەمان وەزارەت، بەتایبەتی کە ئێستا نە مەسعود بارزانی و نە مەسرور بارزانی لە ئاشتی هەورامی رازیین، ئەمە جگە لەوەی لەلای حیزبەکانی بەشداربووی حکومەتیش کەسێکی پەسەند نییەو بەشی زۆر ئەو قەیرانە دارایی و ئابوریەی هەرێم دەخەنە ئەستۆی ئەوەوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە نێچیرڤان بارزانی لەبری وەزیرەکانی گۆڕان، چەند وەزیرێکی سەر بەپارتیان لەشوێنی ئەوان داناو پێدەچێت دانانی د.خالید ساڵح بەراوێژکاری ئەو وەزارەتە گرنگە، وەک سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بۆ دەکرد بەشێک بێت لە دوو ساڵی کۆتایی حوکمداریەکەی.     
 
  



AM:09:48:29/10/2015