پارتی داوا دەكات یەکێتی سكاڵای یاسایی لەسەر گۆڕان تۆمار بكات

بەرپرسێکی باڵای پارتی داوا لەیەکێتی دەکات، بەتۆمەتی ئاژاوەگێڕی سکاڵای یاسایی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان تۆمار بکات و ڕاشیدەگەیەنێت: گۆڕان بەتۆمەتی یاخی بوون لەحکومەت دوورخراوەتەوە.
 
 نەجات حەسەن بەرپرسی لقی ١١ی پارتی سەبارەت بە ناكۆكییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: ئەوەی ئێستا ھەیە ناکۆکی نێوان پارتی و گۆڕان نییە، بەڵکو ئەو "جەماعەتە" ماوەیەکی زۆرە دەستیان بەپیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوە کردووەو دەیانەوێت کێشە لەبەردەم حوکمڕانی ھەرێم دروست بکەن.

وتیشی:" جەماعەتەکەی گۆڕان بەر لە ٢٣ی حوزەیران دەستیان بەپیلانگێڕی کردو دواتریش چوونە ناو پەرلەمانەوەو ویستیان لەو ڕێگەیەوە خواستەکانی خۆیان بھێننەدی".
ئەو بەرپرسەی پارتی لەوبارەیەوە دەڵێت:" سەرۆکی بەناو پەرلەمان یوسف محەمەد، نەیتوانی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئیدارەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بدات، بووە لایەنگرێک بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و ھەموو پیلان و بڕیارەکانی جەماعەتەکەی نەوشیروان مستەفای جێبەجێکرد".
 
نەجات حەسەن ھۆکاری سەرەکی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حزبەکەی و گۆڕانیشی بۆ وەرنەگرتنی مۆڵەت لەحکومەتی ھەرێم گەڕاندەوەو وتی:" بەبێ مۆڵەت وەرگرتن جەماعەتەکەی نەوشیروان دەستیان بە یاخیبوون کرد و گەلەکۆمەکێیان بۆسەر بارەگاکانی پارتی دەستپێکرد".
بەوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەوەی گۆڕان کردی یاخیبوون بوو بەرامبەر بە ئیرادەی حکومەتی ھەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش داوادەکات، پارێزگاری سلێمانی و بەتایبەت ئەو یەکە ئیداریانەی بەدەست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوەن، بێنە سەر ھێڵ و داوای یاسایی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بەتۆمەتی "پیلانگێڕی" تۆمار بکەن.

بەرپرسی لقی ١١ی پارتی نەشی شاردەوە کە حزبەکەی گلەیی لەیەکێتی کردووە لەبەرئەوەی لەسەر ھێرشکردنەسەریان زوو نەھاتوونەتە سەرھێڵ و دەڵێت:" ئێمە دەزانین ھێزی سەرەکی یەکێتییە، بەڵام بەھۆی دابەشکردنی یەکە ئیدارییەکانەوە، کەمێک یەکێتیش ئیحراج بوو بەو کارانەی گۆڕان کردی".



PM:09:05:31/10/2015