ئەنجومەنی ئاسایش: لاهور جەنگی کاری گوماناوی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکات

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری، لاهوری شێخ جەنگی کە ئەندامێکی ئەنجومەنەکەیە، تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی کاری گوماناوی لەگەڵ حەشدی شەعبی لە خانەقین و کەرکوک.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی لە میانەی وەڵامێکدا بۆ وتەکانی لاهوری شیخ جەنگی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری کە لە (3 ی تشرینی یەكەمی 2015) لە میانەی دانیشتنێكدا كە لەلایەن ئەنستیتۆی واشنتۆن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی نزیك سازدرابوو، ئەو ئەنجومەنە دەڵێن" لاهور تاڵەبانی چەند تۆمەتێكی بێ بنەماو دوور لە راستی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە".

لە بڕگەیەکی تردا ئەنجومەنی ئاسایش هەرێم دەڵێن "تاڵەبانی بە مەبەست، جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگوێ دەخات و سەربەخۆیانە مامەڵە دەكات و لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی كەسی و سیاسیەكانی خۆی هەوڵی بە سیاسی كردنی شەڕی دژە داعش دەدات، بە تایبەت كاتێك مامەلە لەگەڵ هەندێ هێزی دەرەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات".

دەقی وەڵامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم:

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئێمە بە توندی سەركۆنەی ئەو تۆمەتە هەڵبەستراوانەو هەوڵەكانی بۆ بە سیاسیكردنی كاروبارەكانی پەیوەست بە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكەین و ئەم راستییانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
1. ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ئاسایی و بە رێكوپێكی كۆدەبنەوەو بۆ چەندین جار داوامان لە بەڕێز لاهور تالەبانی كردووە كە لە كۆبوونەوەكان بەشدار بێت، بەڵام لە ماوەكانی رابردوودا بە بیانوی جیاجیا ئامادە نەبووە.
2. ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هاوبەش لە هەولێر نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات كە بۆ لە ناوبردنی داعش لە هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، لە بارەی ئەم ژوورە ئەم تێبینیانە دەخەینە ڕوو:
1. جیا لە نوێنەرانی هاوپەیمانان، ژوورەكە نوێنەرانی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكانی تری هەرێم لە خۆ دەگرێت، ئەم كەسانە پابەندن بە پاراستی ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییان بە بەرژەوندییە كەسی و سیاسییەكانەوە نییە.
2. لە ئەنجامی پشتیوانییەكانی ئەو ژوورە، هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە زیاتر لە (20000) كیلۆمەتر دووجا لە خاكی هەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، لەوانەش ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك لە میانەی ئەو هێرشانەی پێشمەرگە دژ بە داعشی لەو سنوورە ئەنجام داوە.
3. فەرماندە باڵاكانی سەربازی، لەوانەش (شێخ جەعفەر موستەفا) كە لە هەمان كاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە دەستخۆشییان لە هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە، بە تایبەتی لەو پاڵپشتییە ئاسمانیانەی لە رێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هاوبەشەوە ئەنجامدراون لە كردەوەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی دەورووبەری كەركوك.
3. تۆمەتە بێ بنەماكانی لاهور تاڵەبانی سەبارەت بە نەبوونی پشتیوانی ئاسمانی لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، لەلایەك بۆ بێ ئـاگایی و ناشارەزایی خۆی لە بەرەكانی شەڕ دەگرێتەوەو لە لایەكی دیكەش لەوانەیە لە بەر كارە هاوبەش و گوماناوییەكانی بێت لە گەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە دەوروبەری كەركوك و خانەقین ئەنجامیان دەدات، خۆی و هێزەكانی تر ئەوانەی نایانەوێ لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی هاوبەشدا كار بكەن دەبنە هۆی ئاڵۆزكردنی شیكردنەوەی زانیارییەكانی پەیوەست بە دەستنیشانكردنی شوێنەكانی تیرۆرستانی داعش لە سەر زەوی، كە ئەمەش لە كاتی پشتیوانی ئاسمانی مەترسی لە سەر هێزەكانی پێشمەرگە دروست دەكات.
4. وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، پێوست بوو تاڵەبانی خۆی دوور بگرتبا لە بە سیاسی كردنی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بانگەشەكردن بۆ هەڵوێستی حزبەكەی خۆی لە بۆنە گشتییەكاندا.
5. پێچەوانەی لێدوانەكەی تاڵەبانی، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەلـماندوویەتی كە بە گیانێكی پڕ لە خۆ بردوویی و بە بێ جیاوازی سەركردایەتی هەموو هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە هەموو بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەدا بەپێی پێویست ئامادەیی بەردەوامی هەبووە.
6. رەخنەكانی ناوبراو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جێگەی سەرسوڕمانەو بەوجۆرەش یەكێكە لەو تاك و تەرا كەسانەی كە نەیتوانیوە وەكو پێویست سوپاسیی پشتیوانییە كاریگەرەكانی ئەمریكا بكات بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە شەری دژ بە داعشدا.
7. تاڵەبانی بە مەبەست، جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش پشتگوێ دەخات و سەربەخۆیانە مامەڵە دەكات و لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی كەسی و سیاسیەكانی خۆی هەوڵی بە سیاسی كردنی شەڕی دژە داعش دەدات، بە تایبەت كاتێك مامەلە لەگەڵ هەندێ هێزی دەرەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.
8. بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر دەزگایەكی كاراو یاساییەو بەشێكە لە ئەنجوومەنەكەمان، ئەفسەرە ئازاكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ژیانی خۆیان خستە مەترسیەوە لە پێناو ئازادكردنی بارمتە بێ تاوانانەكان كە چەند كاتژمێرێكیان مابوو بە دڕندەترین شێوە بكوژرێن، جێگەی داخە كە بەڕێز تاڵەبانی ئەم سەركەوتنە بە سیاسی بكات.
1. پیشەو ناسنامەكانی ئەو بارمتانە ئاشكرا نەكراون، هەرچەندە زۆربەی ئەمانە پیشتر یان پەیوەندییان لەگەڵ هێزە عێراقیەكان هەبووە یان هێزەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش.
2. ئەو لە جیاتی دەستخۆشانە لە ئەفسەرە هاوكارەكانی بكات، جەختی لە سەر بەرجەستەكردنی هەڵوێستێكی سیاسی كردەوە، بەوجۆرەش تاڵەبانی متمانەی هاوكارەكانی لە ئەنجوومەنەكەماندا لە بەرامبەر خۆی لەدەستدا.
شتێكی نائاسایی نیە كە تاڵەبانی ئەم جۆرە تۆمەتە بێ بنەمایانە لە دژی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ریز بكات، لە كاتێكدا لە میانەی قسەكانی خۆیدا دانی بەوەدا ناوە كە خەڵكی هەرێمی كوردستانی هەڵخەڵەتاندووە، لە راستیدا خۆی نەیویستووە پابەندی یاسا بێت و دەزگاكەی بكاتە بەشێكی كارای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم. ناوبراو بەردەوام بووە لە تەگەرە خستنە بەردەم هەوڵەكانی یەكگرتنی دەزگا هەواڵگریەكانی هەرێمی كوردستان و ویستوویەتی سەربەخۆییانە پەیوەندی لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەكانی زیاتر لە (30) دەوڵەتی بیانی ببەستێت، كە ئەمەش ناكۆكە لەگەڵ یاسای ژمارە (4) ی ساڵی (2011) ی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە پێی ئەو یاسایە بەستنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە هەواڵگریە بیانییەكان تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، ئەمەش نموونەیەكی ترە لە هەوڵەكانی تاڵەبانی بۆ پێشێلكردنی یاساو خۆ دزینەوە لە هەوڵەكانی ئێمە بۆ دروستكردنی یەك سیاسەتی هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان.
دەبوایە تاڵەبانی ئەوەی لەبەرچاو بوایە كە لە دەرەنجامی بە سیاسیكردنی كاروباری بواری ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئاڕاستەكردنی تۆمەتی بێ بنەما لە دژی سەركردایەتی هەرێم و هەوڵدان بۆ بە ناشەرعی پێناسەكردنی دەزگاكانی هەرێم مەترسی دەخاتە سەر ئایندەی پێگەو هێزو گەشەی هەرێمی كوردستان.
تاڵەبانی، كە خۆی ئەندامێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، ئەندامانی دیكەی ئەنجوومەنی لە ئەنجامدانی ئەم سەردانەی بۆ ئەمریكا ئاگادار نەكردۆتەوە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا نموونەیەكی دیكەیە لە هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ پشتگوێ خستنی دەزگایەكی شەرعی هەرێمی كوردستان.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

 



AM:11:09:06/11/2015