لەسەر پێشمەرگە دیلەکان سلێمانی و هەولێر زانیاری جیاوازیان هەیە

شەوی ١٠/٢٢ هێزەکانی دژە تیرۆر ( هەولێر ) بەمەبەستی رزگارکردنی پێشمەرگە دیلەکان ئۆپراسیۆنێکیان بەهاوکاری هێزێکی ئەمەریکی لەحەویجە ئەنجامدا، لاهوری شێخ جەنگی رایگەیاند " ئێمە پێشتر بە ‌هێزە هاوپەیمانەکانمان راگەیاندووە کە ئەو جێگایە دیلی پێشمەرگەی تیا نییە".

 بەڕێوەبەری دەزگای پاراستن و زانیاری بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند" پێشتر زانیاریمان دابوو بە ‌هێزەکانی هاوپەیمانان کە زیندانەکەی حەویجە، پێشمەرگەی دیلی تێدا نییە و تەنها چەند کەسێکی تێدایە کە ئامادە نەبوون بەیعەت بدەن بە داعش".

ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەپێی زانیارییەکان ئەوان پێشمەرگە دیلەکان لە موسڵ زیندانی کراون، نەک لە حەویجە.
لاهوری شێخ جەنگە کە خۆی بەڕێوەبەری دەزگایەکە بەشێكە لە ئەنجومەنی ئاسایش، لەو لێدوانەیدا ئەو هۆیە ئاشکرا ناکات کە بۆچی ئەو زانیاریەیان بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رانەگەیاندووە، یان ئایا ئاگاداریان کردوونەتەوەو بەهەند وەریان نەگرتووە. 

بەرەبەیانی ڕۆژی١٠/٢٢ هێزێکی تایبەتی ئەمریکا و دژە تیرۆر ( هەولێر) لە نزیک حەویجە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ ڕزگارکردنی ژمارەیەک لە دیلەکانی ژێر دەستی داعش ئەنجامدا، لەئەنجامدا ٦٩ زیندانی عەرەب ئازادکران، لەکاتێکدا بەرنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بۆ رزگارکردنی پێشمەرگە دیلەکان بوو.



AM:09:30:07/11/2015