بارودۆخی خورماتووو پاش کوژرانی ١٢ کەس نیمچە ئارام بۆتەوە

شاری خورماتوو رۆژێکی پڕ لەبارگرژی ‌و شەڕ لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگەدا بەسەردەبات‌ و پاش کوژرانی دکتۆرێک و هاوڵاتییەک و دوو پێشمەرگەو ئاسایشێک و، شەش حەشدی شەعبی شارەکە نیمچە ئارام دەبێتەوە.
 
لێپرسراوی بازنەی حەمرینی یەکێتی مەلا کەریم شوکر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی رایگەیاند" ئێستا بارودۆخەکە نیمچە ئاساییەک بۆتەوەو گفتوگۆ لەنێوان قائیمقام و بەرپرسە سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەو بەرپرسانی حەشدی شەعبیدا بەردەوامە".

بەرپرسی بازنەی حەمرین ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەشەڕی ئەمڕۆدا لەگەڵ حەشدی شەعبی ٥ کورد کوژراون، ئاسایشێک و دوو پێشمەرگە کە بران و هاوڵاتیەک و دکتۆرێک.

سەبارەت بە زیانەکانی حەشدی شەعبی لەشەڕەکەدا، مەلا کەریم وتی" چەکدارانی حەشدی شەعبی شەش کەسیان لێ کوژراوە".

ئەو بەرپرسە کوردە باسی لە کوشتنی دکتۆرەکەو دوو پێشمەرگەی برای یەک کرد لە شەڕەکەداو وتی" دکتۆرەکە کە لەنەخۆشخانەی خورماتووبوو بەیانییەکەی بریندارەکانی حەشدی شەعبی چارەسەر دەکرد، بەڵام پاش نێوەرۆ چەکدارانی حەشد شعبی چوونە ناو نەخۆشخانەکەو زۆر وەحشیانە بە قەمە کوشتیان".

سەبارەت بە کوشتنی دوو برا پێشمەرگەکەش، مەلا کەریم وتی" ئەو دوو پێشمەرگە لە کاتی دەوامدا نەبوون، بەڵکو چەکدارانی حەشدی شەعبی لەماڵەوە هەردووکیان کوشتوون".

بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حەشددا بکرێت، کاتی دەبێت و سەرلەنوێ شەڕ هەڵدەگیرسێتەوە.  

پێش نیوەرۆی ئەمڕی لە بازگەی خورماتوو لە باشوری شارەکە شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگەدا روویداو شەڕەکە پەرەی سەند بۆ ناو شار و لەئەنجامدا شەش حەشدی شەعبی کوژران و ٥ کوردیش.



PM:09:16:12/11/2015