شاندێكی ئێران‌و یەكێتی لەسەر رەوشی خورماتوو لەكۆبوونەوەدان

بارودۆخی خورماتوو نائارامە‌و بۆ چارەسەری ئەو بارگرژییەش وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ وەفدێكی ئێران لەكۆبوونەوەدان.

لەمبارەیەوە ئەحمەد عەزیز بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند: "رەوشی خورماتوو هەر ئاڵۆزە و خراپتریش بووە. لە پاش شەڕ و پێكدادان و گرژییەكەی دوێنێی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، دیاردەیەكی نوێ سەری هەڵدا، ئەویش سووتاندنی هەموو ماڵ و دوكانەكانی كوردەكان بوو لە ناوچەكانی خۆیان لەلایەن توركمانە شیعەكان و حەشدی شەعبییەوە، لە بەرانبەریشدا كوردەكان هەڵسان بە سووتاندنی دووكانەكانی ئەوان لە گەڕەكی پیشەسازی، هەروەها دەنگی تەقەیش بە بەردەوامی دەبیسترێت".

وتیشی "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەكانەوە دەستم كەوتوون، لە ئێستادا حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئامرلی و دەوروبەری 40 ئۆتۆمبیڵیان كۆ كردوونه‌تەوە بە چەك و تفاقەوە ئامادەن بۆ ئەوەی ئاماژەیان پێ بدرێت و بێنە ناو شاری دوزخورماتووه‌وه‌. هەر ئەمڕۆیش ئۆتۆمبێڵێكی كوردان لە بەغداوە هاتووە و لە بازگەی ئامرلی حەشدی شەعبی چوار كەسی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان هێناوەتە خوارەوە و هەر لەوێدا بەبێ هۆ شەهیدیان كردوون."


ئاشكرایشی كرد: "وەفدێكی ئێرانی هاتوون و لە گەڵ وەفدێكی یەكێتیدا لە بارەگای میحوەری لە دێی خدر وەلی لە كۆبوونەوەدان بۆ چارەكردنی ئەم بابەتە".



PM:01:45:13/11/2015