"ژمارەیەک خوێندکاری دەمامکدار هێرشیان کردۆتە سەر کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی"

شەوی رابردوو ژمارەیەک خوێندکاری بەشە ناوخۆییەکان بە خۆپیشاندان دەچنە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆ و چەند خوێندکارێکیان بە دەمامکەوە هێرش دەکەنە سەر پرسگەی کەمپەکەو زیانی زۆری پێدەگەیەنن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی، د. ئیدریس کەریم نوێنەری مامۆستایانی سکوڵی زمان، پشتڕاستی ئەو زانیاریانەی کردەوە کە لەنێو خوێندکاراندا هەندێکیان دەمامکداربوون و ئەوان بە پلەی یەکەم بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر کەمپی نوێی زانکۆ.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە داواکاری خوێندکارانی بەشی ناوخۆی لە پێدانی دەرماڵەی مانگی ٦ و ٧ ساڵی پاردا خۆی دەبێنتەوە، لەگەڵ ماوەی درێژکردنەوەی ئەو پاسانەی دەیانگوازێتەوەو ئەو وتی" دەرماڵەی ئەو دوومانگە لەم ماوەیەدا دەدرێت و درێژکردنەوەی ماوەی پاسەکان کە دەیناگوازێتەوە ئەوەش درێژکراوەتەوە".

د.ئیدریس کەریم وتی" کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ ئەنجامدراوەو ئەمڕۆ نوێنەری مامۆستایان و سەرۆکایەتی زانکۆش کۆدەبنەوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە"، ئەو بەدووری زانی زانکۆ ئەمساڵ دابخرێت، هەرچەندە زانکۆ بۆ سێ رۆژ دەوامکردنی راگرت.

شەوی رابردوو خوێندکاری بەشە ناوخۆییەکان خۆپیشاندانیان کردووەو ژمارەیەک خوێندکار بە دەمامکەوە چوونەتە سەر پرسگەی کەمپی نوێی زانکۆوو بەشەڕە بەرد زەرەری گەورەیان بە پرسگەی کەمپەکە گەیاندووە.



AM:10:47:15/11/2015