دوو هێرشی داعش بۆ سەر گوێر لەلایەن پێشمەرگەوە تێكشكێنرا

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە سەركردایەتی ئەمەریكا دوو هێرشی چەكدارانی داعشیان لە میحوەری گوێر تێكشكاند.

ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە دوو هێرشی چەكدارانی داعش تێكبشكێنن كە خەریك بوو لە دوو میحوەرەوە بە پەڕینەوە لە رووبار بۆ سەر ناحییەی گوێر لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ ئەنجامی بدەن .

لەمبارەیەوە فەرماندەی حەشدی وەتەنی فارس سەبعاوی لە لێدوانێكدا وتی: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هەوڵیاندا بە پەڕینەوە لە رووبار لە دوو میحوەرەوە هێرش بكەنە سەر ناحییەی گوێر، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی حەشدی وەتەنی بە توندی هەردوو هێرشەكیان تێكشكاند و حەوت چەكداری داعشیان كوشت".

بە گوتەی سەبعاوی، هێرشی یەكەم خەریك بوو لە میحوەری رووباری دیجلە لە گوندی سەفینە و هێرشەكەی دووەمیش لە نزیك گوندی دووبزات فەوقانی سەربە ناحییەی گەیارە لە باشووری مووسڵ ئەنجامبدرێت.

لەو كاتە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هێرشێكی خۆكوژیان تێكشكاند كە خەریك بوو لە قەزای شنگال بكرێتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە. هەر لەو قەزایە پێشمەرگە گەمارۆی پێنج خۆكوژی داوە.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نەقیب لە هێزەكانی پێشمەرگە شێرزاد زاخۆیی وتویەتی: "ئۆتۆمبێلێكی درعی بۆمبڕێژكراو كە چەكدارێكی خۆكوژی داعش لێدەخوری، هەوڵیدا لە ناوچەی دۆمیز لە رۆژئاوای شنگال هێزەكانی پێشمەرگە بكاتە ئامانج و خۆی پێیاندا بتەقێنێتەوە، بەڵام ئەو هێرشە لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە بە بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلەكە و كوژرانی خۆكوژەكە تێكشكێنرا".

زاخۆیی وتویەتیشی: "بەپێی چاودێری وردی جموجۆڵی پێنج چەكداری داعش لە كێڵگەكانی كشتوكاڵی ناوچەی قەسركی كە بە 7 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای شنگال، بینرا ئەو پێنج چەكدارە خۆكوژن خۆیان لەو ناوچەیە حەشارداوە و ئێستا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدراون.



PM:03:17:15/11/2015