ئۆردوغان لەسەروبەندی کۆبوونەوەکانی G20: ١ کەناڵی کوردی‌و ١٤ کەناڵی تری داخست

ئەردۆغان لە سەروبەندی کۆبوونەوەکانی G20دا و بە بەرچاوی سەرکردە جیھانییەکانەوە یەکەمین کەناڵی کوردی تایبەت و 14 کەناڵی تری تەلەفزیۆنی و رادیۆیی بەشێوەیەکی نا یاسایی داخست.

بە بێ بوونی ھیچ پاساوێکی یاسایی و بە بێ فەرمانی دادگا و بە زۆرەملێ 13 کەناڵی سەر بە گروپی سامانیۆڵو و کەناڵی ئاسمانی ئیرماک و رادیۆی جیھان پەخشەکانیان لە سەر مانگی دەستکردی تورکسات وەستێنرا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە گروپی سامانیۆڵو تا ساڵی 2024 گرێبەستی ھەیە لەگەڵ مانگی دەستکردی تورکساتدا.

کەناڵی دونیا تیڤی Dunya TV کە یەکەمین کەناڵی تایبەتی کوردییە لە تورکیادا لە نێو کەناڵە داخراوەکاندایە. دونیا تیڤی بە ھەموو دیالێکتە کوردییەکانی بەرنامەی ھەیە و ئامادەکاری دەکات بۆ زمانێکی کوردی یەکگرتوو. چەندەھا بەرنامەی مێژووی و جوگرافی لەسەر ھەموو بەشەکانی کوردستان ئامادەکردووە. لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ھەوڵیداوە دەستی بگات بە کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردساتن لە ئەورپا و ھەموو جیھاندا و رێپۆرتاژی لەگەڵ ئامادەکردوون و بۆتە پردێک بۆ گەیاندنی ھەست و سۆزی کوردانی تاراوگە بە ڕۆڵەکانی نیشتمان.

داواکارییەکی مانگی دەستکردی تورکیادا بۆ داخستنی ئەم کەناڵانە لە لایەن دادگایەکی ئەنقەرەوە بە نەرێنی وەڵامدرایەوە و ڕێگری لە داخستنی کەناڵەکان کرد و داوای لە تورکسات کرد کە پاساوی یاسایی بھێنێتەوە، بەڵام تورکسات بێ گوێدانە بڕیاری دادگا و بە بێ پێشکەشکردنی ھیچ جۆرە پاساوێک کاتژمێر 12:00 نیوەشەوی 15/11/2015 بە زۆرەملێ پەخشی کەناڵەکانی ڕاگرت.

شایەنی باسە یەكێک لە کەناڵە داخراوەکان تایبەتە بە منداڵان و جگە لە بەرنامەی منداڵان ھیچ بەرنامەیەکی تر پێشکەشناکات!

فشارەکانی ئەردۆغان بۆ سەر میدیای ئازاد لە تورکیادا کاردانەوەی جیهانی لێ کەوتووەتەوە. لەو چوارچێوەیەشدا زیادتر لە ٥٠ کۆنگرێسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاراستەی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا کردووە بەمەبەستی هەوڵدان بۆ رێگری کردن لە فشارەکانی ئەردۆغان بۆ سەر میدیای ئازاد.
 
هاوکات لە نێوخۆی تورکیادا لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزاییەکی زۆر بەرامبەر بە فشارەکانی پارتی دەسەڵاتدار بۆ سەر میدیا ئەهلییەکان دەستیپێکردووە.




AM:11:19:16/11/2015