پارتی بۆ سەعدی پیرە: زۆر شەرمەزارییە بۆ جەنابت هەوڵی دووبەرەكی دەدەیت

‌سەعدی ئەحمەد پیرە
بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك (پارتی) وەڵامی توندی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەداتەوە‌و دەڵێت: "كاك سەعدی تۆ چیت پێیە بۆ ئەم ئاڵۆزییانەی خورماتوو؟".

لیوا هەڵۆ نەجات، بەرێوەبەری ئاسایشی كەركوك لەوەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بە ماڵپەڕی مەکتەبی رێکخستنی حیزبەكەی راگەیاند: بەپێویستی دەزانم کاک سەعدی ئاگادار بکەم کە دیارە زانیاری پێوستی لەسەر پێکهاتەی ئیداری دووز نییە بە ئەنقەس دەیەوێت بوونی ئاسایشی پارتی ئینکار بکات.

بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکووک دەشڵێ کاک سەعدی ئاسایشی پارتی لە دوای رووخانی رژێمی سەدام شان بەشانی هاوپەیمانان خەباتی هەبووە تا ئێستە 13شەهید و دەیان برینداریان لەشەڕی تیرۆر لەو شارە هەیە.

لیوا هەڵۆ نەجات دەشڵێ زۆر شەرمەزاریە جەنابت هەوڵی دووبەرەکی دەدەی ئاماژە بە زۆنی زەرد و سەوز دەدەیت بە تایبەت لەناوهێنانت بۆ مەخموور و شنگال.

هەڵۆ نەجات بۆ سەعدی ئەحمەد پیرە دەشڵێت: هەر بۆ زانیاریت ئاسایشی پارتی لە خانەقین و دووز داقووق سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کەرکووک هەیە و تەبایی و برایەتی کاری هاوبەش لەگەل ئاسایشی یەکێتی هەیە و بۆیە تکایە بەینمان تێک مەدە.

بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکوک وەڵامی پرسیارەکەی پیرە دەداتەوەو  دەڵێ ئاسایشی پارتی بەرگری لە کورد و هەموو پێکهاتەکانی شارەکە دەکات بەرامبەر بەو هێزەی ئێوە بۆ دووز هێناتان، ئاسایشی پارتی بەشدارە لە هێزی هاوبەشی ئیدارەی دووز هەموو دانیشتیوانی شاهیدی ئەوە دەدەن بەڵام جەنابت بۆ ئەم ئاڵۆزیە چیت بۆ دانیشتوانی دووز کردوە نازانم.

پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتبووی: بەرێوەبەری ئاسایشی دووزخورماتوو کە پارتییە لە دووز چی دەکا و ئاسایش تەنها هی یەکێتییە.



PM:03:04:16/11/2015