کێشەی ئاڵای کوردستان گەیشتە ئاستی سەرۆک کۆمار

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی سوتاندنی ئاڵای هەرێمی کودستانی کرد و پێیانوایە ئەوە رەفتارێكە دژی پێودانگە نیشتمانییەكان و پرەنسیبەكانی دەستور و قانونە.

خالید شوانیی وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند "سوتاندنی ئاڵای هەرێمی كوردستان یان ئاڵای عێراق لەلایەن هەندێك توندڕەو و خۆمەڵاسدەر و موندەسەوە، رەفتارێكە دژی پێودانگە نیشتمانییەكان و پرەنسیبەكانی دەستور و قانونە باو و كارپێكراوەكانە".

خالید شوانیی ئاماژەی كرد بۆ كۆبوونەوەی ئەم دواییەی سێ سەرۆكایەتییەكە کرد کە گرنگی و گەشەپێدان و پێكەوە ژیانی ئاشتیی نێوان هەمو عێراقییەكان و خۆبەدورگرتن لە كەشوهەوای گرژیی و ئاڵۆزیی لەم هەلومەرجە ناسكەدا نوێ كردووەتەوە كە بە عێڕاقدا تێپەڕ دەبێت، هەروەها داوای یەكخستنی هەموو هەوڵە نیشیتمانیەكانیشی كردوە لە هەموو ئاستەكاندا بۆ تێكشكاندنی تێرۆر و بەئاگابوون لە مەرامەكانی چاندنی تۆوی دوبەرەكیی و ناكۆكیی لەنێوان یەك گەلدا.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "سوتاندنی ئاڵای هەرێمی كوردستان یان ئاڵای عێراق دژی بانگەواز و بانگهێشتەكانی مەرجعیەتە ئاینییەکانە بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی یەكڕیزیی نیشتمانیی بەروی تاقمی داعشی تێرۆریست و دوژمنەكانیی تری عێراق"، داواشی كرد كۆتایی بێت بەم رەفتارانە كە زیان بە هاوڵاتیانی عێراق دەگەیەنێت.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا ڕاشیگەیاندووە "هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی شان بەشانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵیی و هێزەكانی عەشاییر دەجەنگن لە پێناوی تێكشكاندنی تێرۆردا".



AM:11:12:22/11/2015