سپی زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ وەفدی یەکێتی لەهەولێر سەردانی پارتی کردو، پێدەچێت ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتایەک بێت بۆ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێم.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لەهەولێر پۆزەتیف بووە بۆ بارودۆخی کوردستان و، ئەگەرێکی نزیکە هەرێم بخاتە سەر شادەماری ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەکێتی پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەنگاوی سەرەتایی ئاسایی بوونەوەی دامودەزگا رەسمییەکانی هەرێمە، پەرلەمان و حکومەت، بەو مانایەی سەرۆکی پەرلەمان بگەرێتەوە هەولێر سەر کارەکەی خۆی و وەزیرەکانی گۆڕانیش بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

سەبارەت بەهەر گۆڕانکارییەک دوای هەنگاوی یەکەم بکرێت، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە یەکێتی پێشنیاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیەکان دەستپێبکاتەوە بۆ سەرجەم پرسەکان، بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

سپی زانیویەتی کە پارتی هەرچەندە ئەو پێشنیارانەیان پێ خراپ نەبووە، بەڵام ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە لای خۆیان دیراسەی دەکەن و دوای ئەوەی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو کۆدەبێتەوە، ئەوانیش وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەمڕۆ لەهەولێر وەفدی پارتی بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و وەفدی یەکێتی بەسەرۆکایەتی مەلابەختیار کۆبوونەوەو هەردوولا بەشێوازی جیا جیان دوای کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کۆ کۆبوونەوەکە پۆزەتیڤ بووەو سەرەتایەکی باش بووە. 



PM:11:14:22/11/2015