وەزیرێكی كورد زانیاریی لەسەر ئازادكردنی سوڵتان هاشم بڵاودەكاتەوە

وەزیرێکی کورد لە حکومەتی ناوەندی رەتیکردەوە سوڵتان هاشم ئازاد کرابێت، لەسەر ئەو پرسەش پەیوەندی بە وەزیری دادی عێراقیەوە دەکات.

دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا، هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە چەند رۆژێکە لە چەند میدیایەکی عێراقیدا بڵاوبۆتەوە و باس لە ئازادکردنی سوڵتان هاشم دەکەن.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران راشیگەیاند، لەسەر ئەو پرسە، پەیوەندی کردووە بە وەزیری دادی عێراقیەوەو، وەزیری داد پێی راگەیاندووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستیەوە.

ئەم لێدوانە، لە کاتێکدایە دەنگۆی ئازادکردنی سوڵتان هاشم لە میدیا عێراقیەکاندا بڵاوکراوەتەوەو لە هەندێک سیاسی سوننەدا هەوڵ بۆ ئازادکردنی دەدرێت.

هەروەها رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەیاد عەلاوی داوایکرد، سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری پێشووی عێراق ئازاد بکرێت، چونکە بە ووتەی ئەو دەستی بە خوێنی عێراقیەکان سور نەبووە.

دوابەدوای ئەوەش لە گەرمیان و هەڵەبجە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایان کرد بەرپرسانی کورد رێگە لە هەوڵی ئازادکردنی بگرن.

سوڵتان هاشم ئەحمەد، کە لە ساڵانی 1996 تا 2003 وەزیری بەرگری عێراق بووەو فەرماندەی فەیلەق بووە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا و مانگی ئەیلولی 2003 لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە دەستگیرکرا و درا بە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق.

سوڵتان هاشم لەبەردەم دادگا، دانی بەوەدانا  بەشداری ئەنفالی کردووە و ووتی، بڕیاری سەرکردایەتی و سەروی خۆی جێبەجێکردووە، دادگاش لە سەر ئەو دۆسیانەی بۆ کرابووەو ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی کرایەوە چوار سزای لەسێدارەدان، دوو سزای زیندانی هەتاهەتایی، یەک سزای 15 ساڵ زیندانیکردن و دوو سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بەسەردا سەپاند.



PM:04:30:23/11/2015