سەرۆکی لیژنەی گەشتوگوزار: ئاوی سیروان لە ٧٥-٨٠% کەمدەکات

سەرۆکی لیژنەی گەشتوگوزارو شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان، ئەندازیار عومەر عینایەت راگەیاند" بەهۆی دروستکردنی بەنداوێک و نەفەقێکەوە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بۆ گۆڕینی ڕێرەوی ئاوی سیروان، ئەو رووبارەو بەنداوی دەربەندیخان لە ٧٥-٨٠% ی ئاوەکەی کەمدەکات".

لەلێدوانێکی تایبەت بۆ سپی میدیا، ئەندازیار عومەر عینایەت سەرۆکی لیژنەی گەشتوگوزارو شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" حکومەتی ئێران لەسەر رووباری سیروان بەنداوی داریان و نەفەقێکی دروستکردووەو رێڕەوی ئاوەکەی گۆڕیوە بۆ ناوچەکانی زەهاوی کە دەکەوێتە ناو ئێرانەوە".

ئەو پەرلەمانتارە مەترسی دروستکردنی ئەو بەنداوەو گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکەی بە مەترسیەکی گەورە لەسەر رووباری سیروان و بەنداوی دەبەندیخان داناو وتی " بەرێژەی لە ٧٥-٨٠% ئاوەکەی کەمدەکات".

ئەندازیار عومەر عینایەت ئەوەی ئاشکرا کرد کە پێش چەند ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و دەسەڵاتدارانی کوردستانی لەسەر مەترسی ئەو پرۆژەیەی ئێران، ئاگادار کردۆتەوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد ئەمڕۆ لایەنی ئێرانی بۆ تاقیکردنەوە ئەوەکەی گرتۆتەوە بەتەواوی رووباری سیروان کەمیکردووە، سەرۆکی لیژنەی گەشتوگوزار ئاشکراشی کرد کە ئێران ئەم بەهارە پرۆژەکەی بەتەواوی جێبەجێدەکات.

بەپێی هەندێک زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، حکومەتی ئێران سەرەتای دەستبەکارکردنی لەم پرۆژەیەدا بەرپرسانی گەورەی عێراقیان ئاگادار کردۆتەوەو رەزامەندنی ئەوانیان وەرگرتووە بەبەرپرسە کوردەکانیشەوە. 



PM:10:00:24/11/2015