یەكگرتوو: گۆڕان دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی د. یوسف محەمەد بكات

بەوتەی بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان حزبەكان گەیشتوونە ئەو بڕوایەی كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بگۆڕدرێت و گۆڕانیش لەو بابەتەدا نەرمی نواندووە.

سۆران ئەحمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتوو و بەرپرسی مەڵبەندی دووی هەولێری ئەو حزبە، بە سایتی باسنیوزی راگەیاندوە، گفتوگۆیەكی چڕ لە نێوان لایەنەكان هەیە، هەندێكیان یەكتر بینینە و هەندێكیشیان لە رێگای تەلەفۆنەوەیە، ئێمە لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆمان كردووە، ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ئەوەیە كە سەقامگیری كوردستان بپارێزرێ و بگەینە رێكەوتنێكی نوێ.


وتیشی "بۆچوونێك هەیە كە ئێستە گۆڕان و پارتی جەختی لەسەر دەكەنەوە ئەوەیە كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستكاری بكرێت". هەروەها وتی "گۆڕان دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان بكات، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە مافی ئەوانە، ئەگەر یوسف محەمەد نەبێت كەسێكی دیكە بێت".



PM:04:40:25/11/2015