فەرەنسا بەلایەوە گرنگە هەرێم هێزێکی دیموکراتی بێت ناوچەکەدا

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان و کونسوڵی فەڕەنسا، سەرۆکی پەرلەمان  هاوخەمی خۆی و پەرلەمانی کوردستانی سەبارەت بە کردەوە تیرۆرستییەکەی پاریس دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا تیرۆر مەترسییەکی جیهانییەو تیرۆرستان دوژمنی مرۆڤایەتین.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٨-١١-٢٠١٥ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان پێشوازییان کرد لە(ئالەن گێبرات) کونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی فەڕەنسا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ڕوداوەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هیوای خواست ململانێ سیاسییەکان بە ئاقاری دیموکراتی و سەروەربوونی یاسا بڕوات. فەڕەنسا ڕێز لە دامودەزگا شەرعی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، گرنگە بەلایانەوە هەرێمی کوردستان هێزێکی دیموکراتی بێت ناوچەکەدا." لە بەشێکی تری وتەکانیدا، ئاماژەی بەوەدا" دەبێت لە هەرێمی کوردستان ڕێز لە ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی بگیرێت و ڕێگریی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نەگیرێت کاری پیشەیی خۆیان بکەن.

سەرۆکی پەرلەمان، سوپاسی فەڕەنسا و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی کرد لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، بە تایبەتیش لە ناردنی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت ئەو چەکانە بۆ پارێزگاریی بێت لە هەرێمی کوردستان دژ بە تیرۆرستان، نەک یەکلایکردنەوەی ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان."



PM:07:03:28/11/2015