عەلی حەمە ساڵح سکاڵایەكی ئاراستەی داواكاری گشتیی كرد

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان سکاڵایەک لەسەر دیارنەمانی داهاتی نەوت ئاراستەی داواکاری گشتی دەکات .

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵایەک ئاراستەی داواکاری گشتی دەکات کە تیایدا داوا دەکات بەدواداچوونی یاسایی بۆ دۆسیەی دیار نەمانی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بکرێت.

لە دەقی سکاڵاکەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە داوە، ماوەیەکی زۆرە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات و ڕاشیگەیاند، "بە پشت بەستن بە بەرهەمە نەوتییەکان، مانگانە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دیار نییە ".

هەروەها عەلی حەمە ساڵح لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەسبووک نوسیویەتی، "ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکی خۆمان هیوادارین خه‌ڵکی دیکه‌ش به‌ئه‌رکی خۆیان هه‌ستن" .   

 تۆمارکردنی ئەم سکاڵایە لە کاتێکدایە، ناوبراو ڕۆژی ٢ شەممە چەند بەڵگەنامەیەکی دیارنەمانی داهاتی نەوتی ئاشکرا کرد کە بە "فەزیحە گەورەکە" ناوی بردبوو کە تێیدا باسی دیارنەمانی٥٠٠ ملیۆن دۆلار کردبوو.    



PM:02:59:02/12/2015