سەرۆکی پەرلەمان‌و بەرپرسانی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کاروبارو چالاکییەکانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوویەوەو پرسەکانی هاوکاری یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان لە بواری مرۆیی و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرەوپێشچوونی ڕەوتی دیموکراتیان تاوتوێ کرد.

 ئەمڕۆ ٤شەممە، ٢-١٢ د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و کریستیان بێرگەر بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و جۆن ئوروک بەرپرسی کاروبارو چالاکییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا کۆبونەوە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی یەکێتی ئەوروپای کرد لە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان لە رووی مرۆیی و شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لەبەرەوپێشچوونی ڕەوتی دیموکراتی و سەروەربوونی یاسا و هاوکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرەپێدانی میدیا و ئازادی ڕۆژنامەگەریی".

لەبەشێکی تری وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان، وتی " داوامان لە یەکێتی ئەوروپا هەیە، هاوکاری پەنابەری هەرێمی کوردستان بکەن کە لە وڵاتانی ئەروپا نیشتەجێ بوون و بەهۆی قەیرانی دارایی و ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە." دواتر بەرپرسانی باڵای کاروباری یەکێتی ئەوروپا، دوای بەخێرهاتنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەیان بەوەدا یەکێتی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاگایان لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، ئاماژەشیان بەوەدا، هەرێمی کوردستان لەشەڕێکی گەورەدایە دژ بە تیرۆرستانی داعش، هەر بۆیەش پێویستە کێشە ناوخۆییەکان لەڕێی بەهێز کردنی دامەزراوە شەر‌عیەکان و ڕێکارە دیموکراتیەکانەوە چارەسەر بکرێن.



PM:03:58:02/12/2015