جەمیل بایک پاراستنی پارتی تۆمەتبار دەکات

‌فۆتۆ بی بی سی
هاوسەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان جەمیل بایک، دەزگای پاراستنی پارتی تۆمەتبار دەکات کە زانیاری لەسەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە دەدەن بە تورکیا تا بۆردومانی بکات.

لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ناسراوی BBC هاوسەرۆکی پەکەکە جەمیل بایک ئاشکرای دەکات دەوڵەتی تورک تەنها لەرێگای فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە زانیاری لە باشوری کوردستان لەسەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە کۆناکاتەوە، "بەڵکو دەزگای پاراستنی پارتیش زانیاری دەدەن بە دەوڵەتی تورک تا فڕۆکەکانیان بۆردومانمان بکات".

بایک لەو چاوپێکەوتنەدا کە ١٢/١ کە لە قەندیل لەگەڵیدا سازکراوە، دەڵێت" رێککەوتن لەنێوان دەوڵەتی تورک و دەزگای پاراستنی پارتیدا هەیەو پێکەوە کاردەکەن".

ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو کەسانەی پاراستن کە دێنە ناوچەکە ڤیدیۆ و رەسم دەگرن و شەو رۆژ کاردەکەن تا زانیاری بدەنە دەوڵەتی تورک.

ناوبراو باس لەوە دەکات ئەوان زانیاریان لە خەڵکی ناوچەکەوە پێگەیشتووە کە ئەو کەسانەی پاراستن دێنە ناوچەکانی ژێر دەستی گەریلاو دەڵێت" دوا بەدواداچوونمان و لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو زانیاریانە راستن و ئەوانەی دەستگیریش کران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە".

بەرەبەیانی ٨/١ فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانی گوندی زارگەل بناری قەندیلیان کردو لەئەنجامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداو ١١ کەسی تر برینداربوون و دواتر پەکەکە موختاری لادێکەو کەسێکی تری دەستگیرکرد.  



PM:10:45:03/12/2015