"یوسف محەمەد لەسەفەرەكەی ئەوروپا وێنەیەكی ناڕاستی لە هەرێم پیشانداوە"

نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە سەفەرەكەی د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوروپا روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: بە ڕای گشتی ڕادەگەیێنین كە ئەو سەردانە نە لە ڕواڵەت و نە لە ناوەڕۆكیشدا سەردانێكی فەرمی نەبووە.

دەقی روونكردنەوەكە:

هەفتەی ڕابردوو (یوسف محەممەد) بە یاوەریی شاندێكی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی شاری بڕۆكسلی كرد و لەوێ چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكی لە پەرلەمانی ئەورووپا هەبوو. لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا گەلێك هەواڵی نادروست و هەڵبەستراو لە هەندێ لە میدیاكان بڵاو كرانەوە، كە بەشێك لەو هەواڵانە بە مەبەست لە لایەن خودی (یووسف محەممەد) و شاندی یاوەری بڵاو كراونەتەوە. لێرەدا نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، بە پێویستی دەزانێ ڕاستییەكانی تایبەت بەو سەردانە بۆ ڕای گشتی هەرێمی كوردستان بڵاو بكاتەوە، ئەمەش بە تایبەتی لە پاش دوا لێدوانی (یوسف محەممەد) لە چوارچێوەی دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا كە تێیدا ڕاستەوخۆ هەندێ تانەی ئاڕاستەی نوێنەرایەتییەكەمان كردووە كە بە پێویستی دەزانین وەڵامی بدەینەوە.
 
1- بەر لە هەر شتێك، ڕای گشتی هەرێمی كوردستانی دڵنیا دەكەینەوە كە سەردانی (یووسف محەممەد) بۆ پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕۆكسل، بە بێ هیچ ئاگاداری و زانیارییەكی لەپێشینەی نوێنەرایەتییەكەمان بووە،  نوێنەرایەتییەكەمان لە كاتێكدا ئاگاداری ئەم سەردانە بووە، كە پەرلەمانی ئەورووپا چەند ڕۆژێك بەر لە سەردانەكە لە ڕێگەی ئیمەیلەوە نوێنەرایەتییەكەمانی ئاگادار كردووە لە داواكاری ڕاوێژكارێكی (یووسف محەممەد) بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە، واتە پەرلەمانی ئەورووپا ئێمەی ئاگادار كردووەتەوە لەو سەردانە، هەموو ئەمانەیش لە كاتێكدا كە بەپێی پرەنسیپ و ڕێكارە كارپێكراوەكان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و هەروەها ئوسوڵی كاری پڕۆفێشناڵ و دامەزراوەیی، پێویست بوو كە (یووسف محەممەد) نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە یەكێتیی ئەورووپا لەو سەردانە ئاگادار بكاتەوە.
2- بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی (یووسف محەممەد) كە نوێنەرایەتییەكەمان بە ''حیزبی'' ناوزەد دەكات، نوێنەرایەتییەكەمان بە شانازییەوە ڕای گشتی دڵنیا دەكاتەوە كە ئێمە ڕۆژێك لە ڕۆژان وەك حیزبی كارمان نەكردووە، ڕیكۆردی كار و چالاكییەكانی ئەم دوو ساڵەی ڕابردوومان نیشانی دەدا كە نوێنەرایەتییەكەمان بێ جیاوازی و بەوپەڕی بێلایەنی و پڕۆفێشناڵییەوە لە خزمەت تەواوی ئەو شاندە حكوومی و پەرلەمانیانەدا بووە كە هاتوونەتە بڕۆكسل و بە شانازییەوە توانیومانە هەردەم پڕۆگرامی دیدار و چاوپێكەوتن بۆ ئەو شاند و كەسایەتییە فەرمییانە دابنێین، هەر لەو چوارچێوەیەدا وەبیری (یووسف محەممەد) دەهێنینەوە كە ساڵی پاروەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانێكی بۆ وڵاتی هۆڵەندا ئەنجام دا و لە  چوارچێوەی ئەو سەردانەشیدا نوێنەرایەتییەكەمان ئەركی ڕێكخستنی سیمیناری بۆیان گرتە ئەستۆ كە جێگەی سوپاس و پێزانینی خۆیان بوو وە و ئەو كات ناوبراو ئێمەی بە پڕۆفێشناڵ و سەركەوتوو ناوزەد كرد.
3- بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ كە (یووسف محەممەد) وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانەكەی ئەنجام دابێ، بە ڕای گشتی ڕادەگەیێنین كە ئەو سەردانە نە لە ڕواڵەت و نە لە ناوەڕۆكیشدا سەردانێكی فەرمی نەبووە، لە بەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ، سەردانەكە بە بانگهێشتنامەی فەرمی پەرلەمانی ئەورووپا نەبووە، بەڵكە لە دوای نامەی سەرۆكی فڕاكسیۆنی چەپەكانی پەرلەمانی ئەورووپا بووە، كە ئەو فڕاكسیۆنەیش قەبارەیەكی دیاریكراوی لە پەرلەماندا هەیە و لە كۆی ٧٥١ كورسیی پەرلەمان، تەنیا ٥٨ كورسیی هەیە، لە كاتێكدا سەردانەكە سیفەتی فەرمیبوونی وەردەگرت، كە بانگهێشنتامەیەك لە لایەن سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا، یاخود لانی كەم سەرۆكی لیژنەیەكی فەرمی پەرلەمانی ئەورووپا، ئاڕاستە بكرایە، ڕەنگە هەر ئەوەیش هۆكاری ئەوەبێ كە لە كاتی هاتنی (یووسف محەممەد)ـدا هیچ جۆرە بەخێرهاتنێكی فەرمی و نافەرمی لایەنی ئەورووپایی نەبوو و هیچ كەسایەتی و لایەنێكی فەرمیی حكوومەتی بەلجیكا یاخود پەرلەمانی ئەورووپایش ئامادە نەبوون و (یوسف محەممەد) لە دەرگای گشتیی فڕۆكەخانە و وەك هاوڵاتییەكی ئاسایی هاتووەتە بڕۆكسل كە ئەوەیش بێگومان بەپێی عورفی دیپلۆماسی نەگونجاوە.
ئەوەلە كاتێكدا كە بەڕێزیان داوای دیتنی سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا و سەرۆكی یەكێتیی ئەورووپا و سەرۆكی گرووپە گەورەكانی ناو پەرلەمانی ئەورووپای كردبوو، بەڵام هیچ یەك لەو لایەنانە بە بیانووی جیاجیا ئامادە نەبوون دانیشتنی لە گەڵ ئەنجام بدەن.
هەر سەبارەت بە ڕواڵەتی ئەو سەردانە، ئەو شاندەی كە یاوەری (یووسف محەممەد) بوو، شاندێكی تەواو حیزبی بوو، جگە لە ئەندام و هەڵسووڕێنەری حیزبەكەی خۆی، هیج پەرلەمانتار و كارمەندێكی پەرلەمانی كوردستانی لە فڕاكسیۆنە جیاجیاكان لە خۆ نەگرتبوو، لە كاتی گەییشتنی ناوبراویشدا، چەند كەسێكی سەر بە حیزبەكەی خۆی بە شێوەیەكی ئاسایی و بە تەپلە و پانتۆڵی كابۆوە پێشوازییان لە (یووسف محەممەد) كرد.
هەموو ئەمانە لە كاتێكدا گەر شاندی (یووسف محەممەد) وەك پرەنسیپی كارپێكراو، پێشوەخت ئاگاداری نوێنەرایەتیی بكردایە و بە نهێنی و ژێربەژێر ئامادەكاریی ئەو سەردانەی نەكردبایە، ئەوا نوێنەرایەتی بە ئەركی نەگۆڕی خۆی دەزانی كە كاری بكردایە بۆ پێشوازیكردنی فەرمیی دەوڵەتی بەلجیكا و یەكێتیی ئەورووپا لە شاندەكە و دابینكردنی پاسەوانی فەرمی و دانانی باشترین پڕۆگرامی دیدار و چاوپێكەوتن، هتد...
4-  سەبارەت بە ناوەرۆكی دیدار و كۆبوونەوەكانی (یووسف محەممەد) لە پەرلەمانی ئەورووپا، لە پاش بەدواداچوونی نوێنەرایەتی، دەركەوت لە تەواوی كۆبوونەوەكاندا ناوبراو بە شێوەیەكی گشتی وێنەیەكی ناشرین و ناڕاستی هەرێمی كوردستانی بۆ لایەنی بەرانبەر كێشاوە، كە ئەمەیش ڕەنگە لە كورتمەودادا زیانی بۆ ئەو هەوڵە ئەورووپاییانە هەبێ كە بۆ پشتگیریكردنی پێشمەرگە و لایەنی مرۆیی بەگەڕ خراون، هەر لەو ڕوانگەیەوە نوێنەرایەتییەكەمان بە ئەركی خۆی دەزانێ هەستێ بە ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو كەس و لایەنانەی كە دانیشتنیان لەگەڵدا كراوە، ئەوەیش بێگومان بە ئامانجی ڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە بە هەڵە گەیەندراون.
5- (یووسف محەممەد) لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئێن-ئاڕ-تی كە لە ڕێككەوتی 5-12-2015 لە بەرلین ئەنجامی داوە، تێیدا كۆمەڵێك تۆمەتی نابەجێ و ناڕاست بەرانبەر بە نوێنەرایەتییەكەمان هەڵدەبەستێ و بەوە تاوانبارمان دەكات كە لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا نەبین، لێرەدا لە كاك (یووسف) دەپرسین ئایا ئەوە ئێمەین كە هەست بە بەرپرسیارەتیی پێگەكەمان ناكەین یاخود ئەوە بەڕێزتانن كە بە ناوی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە ڕێگە بە خۆتان دەدەن پەیامێكی تەواو حیزبی و لایەنگیرانە بگەیەنن و بەوەیش شكۆی هەرێمی كوردستان و خودی پەرلەمانی كوردستان لەكەدار بكەن!؟ هەر سەبارەت بە هەستی بەرپرسیارەتی، بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین كە لەو كۆبوونەوەیەدا كە (یووسف محەممەد) بەشدار بوو و تێیدا وتارێكی بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، نوێنەرایەتییەكەمان وەك لایەنی سەرەكی و نوێنەری هەرێمی كوردستان بانگهێشت كرابوو، بەڵام ئێمە لە پاش ئەوەی كە زانیمان (یووسف محەممەد)ـیش بەشدارێكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێ و ئەویش كۆبوونەوەكە دەقۆزێتەوە بۆ هێرشكردنی ناڕەوا، هەروەك ئەوەی ڕوویشی دا، ئێمە بڕیارمان دا بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە نەبین.
بێگومان گەر بەشدار بووینایە، پێویست بوو وەڵامی تۆمەت و تانەكانی  (یووسف محەممەد)ـمان بدایەتەوە، بەڵام ئێمە كە هەست بە بەرپرسیارەتی سەرشانمان دەكەین، بڕیارمان دا ناكۆكییەكانی ناوخۆ نەبەینە ناو كۆبوونەوەیەكەوە كە لە بنەڕەتدا لە نێوان لایەنی عێراق و یەكێتیی ئەورووپادایە و بەوەیش دڵی كۆمەڵێك لە بەغدا خۆش بكەین و وێنەیەكی ناشرینی هەرێمی كوردستان بگەیەنینە ئەورووپاییەكان.
 
6- لە كۆتاییدا بۆ ڕای گشتی و ڕەوەندی كوردستانی لە وڵاتانی بەنەلۆكس دووپات دەكەینەوە كە نوێنەرایەتییەكەمان وەكو پێشتر ماڵی هەموو كوردستانیان لە هەر چوار پارچەی كوردستانە، بەردەوام دەبێ لە بەجێگەیاندنی ئەرك و كارەكانی بەوپەڕی پڕۆفێشناڵی و بێ هیچ جیاوازی و لایەنگیرییەك، ریكۆردی كار و چالاكییەكانمان لە ماوەی ڕابردوودا باشترین گەواهی و نیشانەی ئەو ڕاستییەیە و كورد گوتەنی بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێ.
 
نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا
بڕۆكسل 5-12-2015



PM:01:59:06/12/2015