گۆڕان: بارزانی بەنوێنەرایەتی هەرێم ناچێتە توركیا
پارتی: با بچن بە ئەمەریكا‌و سعودیە بڵێن

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە سەردانی بارزانی لەتوركیا دەڵێت: بارزانی لەم سەردانەیدا بۆ توركیا تەنیا نوێنەرایەتی خۆی‌و حیزبەكەی دەكات.

هۆشیار عەبدوڵا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت: ئەو سیفەتە رەسمییەی ئێستا بارزانی هەیەتی، تەنیا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، نە لەنزیك‌و نە لەدوورەوە، نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان ناكات.

لەبەرامبەردا عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وت: بەیاننامەکەی گۆڕان شکاندنی ھەلی سەربەخۆیی گەلی کوردە، دەشڵێت:"مەسعود بارزانی تائێستاش کەسایەتی ھەرە پەسەندکراوی گەلی کوردستانە".

عەلی عەونی بەتەنزیشەوە لەبارەی فەرمی و نافەرمی بوونی سەردانەکەی بارزانی دەڵێت:"ئەگەر گۆڕان ڕاستدەکات با بچێت بەسعودیەو قەتەرو ئیمارات و تورکیاو ئەمریکا بڵێت، پێشوازی لەمەسعود بارزانی نەکەن و نوێنەری ئێمە نییە".

هەر سەبارەت بە سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ توركیا كە بڕیارە ئەمرۆ بێت، وەزارەتی دەرەوەی تتوركیا بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە.
نووسینگەی "مەولود چاوشئۆغلۆ" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێ "ئەمڕۆ چوارشەممە (9\12\2015) مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات و بڕیارە سەرەتای کۆبوونەوەکەی لە شاری ئەنقەرە بێت لە کۆشکی "چان کایە" و لەوێ چاوی بە "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "ئەحمەد داود ئۆغلۆ" سەرۆک وەزیرانی تورکیا بکەوێت".

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەوە لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەروو کە باسی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر داعش و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بێت.



PM:01:38:09/12/2015