بزوتنەوەی گۆڕان: سکاڵای یاسایی لەسەر بارزانی تۆمار دەکات

بزوتنەوەی گۆڕان  لە ڕاوێژدایە سەبارەت بە كۆكردنەوەی بەڵگەی زیاتر بۆ تۆماركردنی  سکاڵای یاسایی لەسەر بارزانی‌و پەرلەمانتارێکی ئەو بزوتنەوەیەش ئەو بەڵگانەی لەدژی سەرۆکی پارتی ئامادە کردووە.

لەبارەی ھەوڵەکەی گۆڕان، د.بەھار مەحمود جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، ئەوەی دەبێ سکاڵای لەسەر تۆماربکرێت، نەوشیروان مستەفا نییە، بەڵکو خودی مەسعود بارزانییە، چونکە نەوشیروان مستەفا لەھیچ دۆسیەیەکی خیانەت و گەندەڵی تێوەنەگلاوە.

لەبارەی بوونی بەڵگەی پێویستیش بۆ دادگاییکردنی سەرۆکی پارتی، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وتی: بەڵگە ھەیەو دەتوانین بەتۆمەتی خواردنی موڵک و ماڵی خەڵک، خیانەتی نیشتمانیی، خراپ بەكارهێنانی پێگەو دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، شەڕی ناوخۆ، ھێنانی لەشکری تورکیا، ناشەفافیەتی نەوت، کودەتاکردن بەسەر سەرۆکی پەرلەمان، مانەوەی بارزانی بەشێوەیەکی ناشەرعی لەپۆستی سەرۆکی ھەرێم و بەکارھێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ سیخوڕیکردن لەپێناو بەرژەوەندی حزبی، سکاڵای یاسایی لەسەر مەسعود بارزانی تۆمار بکەین.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستورو یاسای حزبەکان،  سیخوڕیکردن دەبێتە ھۆی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی حزبایەتی لەو حزبەی کە بەو کارە ھەڵدەستێت، دەشڵێت:"دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ نییەو دادوەرەکانیش لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە دامەزراون، ئەگەر دادگا سەربەخۆ بێت، لەسەر ئەو تۆمەتانە لێکۆڵینەوەی جدی لە بارزانی دەکرێت".

لەبارەی وادەی پێشکەشکردنی سکاڵاکەشیان، د. بەھار مەحمود ئاماژەی بەوەدا کە لەگفتوگۆدان بۆئەوەی بەپشتبەستن بەو تۆمەتانە سکاڵا تۆمار بکەن، بەڵام کاتەکەیان تا ئێستا دیاری نەکردووە.

سەبارەت بەشوێنی تۆمارکردنی سکاڵاکەش لەدژی بارزانی، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ڕایگەیاند: لەڕووی یاساییەوە دەتوانرێت لەھەر شوێنێک گونجاو بێت سکاڵا تۆمار بکرێت، بەڵام باشترە لەھەولێر بێت، ئەگەر لەو شارەش نەبێت، ھیچ گرفتێک نییەو لەسلێمانی تۆماری دەکەین، بەڵام ئەگەر بزانین ناگاتە ئەنجام، پەنا دەبەینە بەر دادگاکانی دەرەوەی وڵات.



PM:01:43:09/12/2015