هۆشیار عەبدوڵا: عێراق توانای كۆنترۆڵ كردنی گرووپەکانی چەكداری نییە

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "دۆخی ئەمنی عێراق خراپە و هۆكارێكی خراپی دۆخەكەش بۆ كۆنترۆڵ نەكردنی گرووپەکانی چەكداری لەلایەن حكوومەتی عێراقی دەگەڕێتەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان هۆشیار عەبدوڵا لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵدا باس لە دۆخی ئەمنی وڵاتەكە و  كردەكانی حەشدی شەعبی و كاریگەری ئەو كردانە لەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان، هەروەها پشكی كەرتی سەربازی لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2016ی عێراقدا دەكات.

هۆشیار عەبدوڵا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراقەوە وتی: "دۆخی ئەمنی عێراق باش نییە و لە دوای هاتنی داعشەوە تائێستا نەیتوانیوە جۆرێك لە سەقامگیری و جێگیربوون بە خۆوە ببینێت‌، دەزگای سەربازی عێراقیش لە دوای هەڵوەشاندنەوەی لەكاتی كەوتنی سەدام حسێن (2003) شێوازی درووستكردنەوە و داڕشتنەوەی  لیوا و فەوجەكان و بونیادی دەزگاكەش بونیادێكی شكستخواردوو بوو.

ده‌شڵـێ: "لە رووداوەكانی مووسڵیشدا دەركەوت كە بە زوویی سوپا داڕوخا، لەسەر ئاستی نێوخۆش نەتوانراوە چاكسازییەكی باش لەم دەزگایەدا بكرێت و پێویستی بە سەرلەنوێ‌ پێكهێنانەوە هەیە لە خاڵی سەرەتاوە".

هۆشیار عەبدوڵا هەروەها وتی: "دۆخی نێوخۆیی عێراق جێگیر نییە و وڵاتانی دراوسێش لە دۆسیەی ئەمنی عێراقدا رۆڵێكی ئیجابی نابینن، لە هەردوو ئاستی نێوخۆ و ئیقلیمیش دۆسیەی ئەمنی عێراق كێشەی هەیە، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جارێكی دیكە كێشەیەك هەیە كە هاوپەیمانێتییەك بە بەشداری 60 وڵات دامەزراوە، لە بەرامبەردا لێكتێگەیشتنێكی دیكە لە نێوان چوار وڵات درووست بووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ بە هەموو ئەوانەشەوە نەیان توانیوە كۆتایی بە مەترسی تیرۆر لە عێراق بهێنن و بەشی زۆری خاكی وڵاتەكە رزگار بكەن، تائێستاش رۆژانە رفاندن و تیرۆر و كوشتن لەسەر پێناس و تەقینەوە هەیە، لەبەر ئەوە دۆسیەی ئەمنی عێراق خراپە و بەرەو خراپتر دەڕوات.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەندەوە دوا و وتی: "بەشی زۆری ناكۆكییەكان بۆ تێكچوونی پەیوەندییەكانی كورد و شیعە دەگەڕێتەوە كە لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە چڕ بۆتەوە، ئێمە لە بزووتنەوەی گۆڕان پێمان وایە دەبێت پەیوەندییەكان لەسەر بنەمایەكی باش بێت، بەڵام ناكۆكییەكانی سیاسیی كاریگەری لەسەر شەقام و ئاستەكانی خوارەوە كردوە، پێویستە هەموو لایەنەكانی سیاسیی بە كورد و شیعەوە بە هەستیارییەوە مامەڵە بكەن، چونكە ئەوە جۆرێكە لە مەترسییەكی گەورە كە ئەگەر بە زوویی كۆنترۆڵ نەكرێت چاوەڕوانی جۆرێك لە ناكۆكی گەورەی لە نێوان پێكهاتەكانی لێ دەكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق لەسەر كردەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دوا و وتی: "حەشدی شەعبی بە فتوایەكی مەرجەعییەت دامەزراوە و تائێستا بە یاسایی نەكراوە و هەوڵی لایەنەكانی شیعە هەیە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوان كۆمەڵێك گرووپن كە سەركردایەتییەكی ناوەندییان نییە تا بتوانێت هەموویان كۆنترۆڵ بكات، بۆیە هەندێكجار بە ناوی حەشدی شەعبییەوە هەڵسوكەوتێك دەكرێت كە مەرج نییە لەسەر ئەوان حساب بكرێت. بەڵام  كردەكانی ئەم دواییەیان لە خورماتوو و رێگای سەرەكی بەغدا كاریگەری زۆری كرد لەسەر قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان".

هۆشیار عەبدوڵڵا ئەوەشی وت "دۆسیەی ئەمنی عێراق پێویستی بە كۆنترۆڵكردن و بە یاسایی كردن هەیە و یەك لە هۆكارەكانی ئەو قەیرانە ئەمنییەی لە عێراقدا هەیە كۆنترۆڵ نەكردنی دۆخی ئەمنی و بێتوانایی حكوومەتە لە كۆنترۆڵكردنی گرووپەكانی چەكدار.

 لە عێراقدا گرووپی چەكداری حزبەكان هەیە كە هەر حزبەی هێزی چەكداری خۆیی هەیە لە كاتێكدا بە گوێرەی دواین یاسای تایبەت بە حزبەكان نابێت هیچ هێزێكی سیاسیی هێزی چەكداری خۆی هەبێت".

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایی و بەرگری لە بارەی پشكی تەرخانكراوی بوودجە بۆ هێزەكانی ئەمنی وتی: "بوودجەی تەرخانكراو بۆ كەرتی ئاسایش و بەرگری عێراق شەش لە سەدی بوودجەكەیە كە دەكاتە حەوت ترلیۆن و 300 ملیار دینار، لە عێراقدا ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر بۆ ئەم بوارە و كڕینی چەك و تەقەمەنی هەیە، لەوەشدا گەندەڵی گەورەی تێدا كراوە".



PM:08:38:09/12/2015