یەكێتی: بارزانی لەتوركیا ئامادەكاری بۆ هێرشكردنەسەر پەكەكە دەكات

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانیعیراق ڕەخنەی توند لەسەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا دەگرێت و جەختدەکاتەوە، ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ھێرشکردنەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

ژمارەیە لەمیدیاکانی پارتی باسیان لەوەکردووە، یەکێک لەئامانجە سەرەکیەکانی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا، ھەوڵدانە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیریی سەربەخۆیی گەلی کورد، بەتایبەت دوای سەردانە سێ ڕۆژیەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو.
 
لەوبارەیەوە شوان داودی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وت:"ئێمە لەگەڵ قەوانە کۆنی دەوڵەتی کوردی ڕاھاتوین، ھەموو ساڵێک بۆمان لێدەدرێتەوە، بەتایبەت لەمساڵ کە گەورەترین قەیرانی دارایی ڕوبەڕوی ھەرێم بۆتەوە".
 
داودی ھەر لەبارەی ھەوڵدان بۆ دەوڵەتی کوردی دەڵێت:"داوا لەبارزانی دەکەم، بەسە خۆڵکردن چاوی خەڵک، لەبری دەوڵەتی کوردی، بیر لەبژێوی میللەتەکەت بکەرەوە".
 
لەبارەی دانانی ئاڵای ھەرێمی کوردستان لەتەنیشت ئاڵای تورکیاو لەمیانەی پێشوازیکردن لەمەسعود بارزانی، ئەو ئەندامەی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی:"چەند ڕۆژێکە میدیاکانی سەر بەحزبەکەی بارزانی موزایەدەی دونیا بەسەر خەڵکەوە دەکەن کە بەتەنیشت ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، وێنەی ئاڵای کوردستان دانراوە".
 
لەوبارەیەشەوە وتی:"دانانی ئەو ئاڵایە لەکاتێکدایە، ئێستا لەتورکیا ئامادەباشی دەکرێت بۆئەوەی ھاوکات لەگەڵ لێدان لەگروپی تیرۆریستی داعش، ھێرشبکرێتەسەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)".
 
داودی باسی لەئامانجێکی تری سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا کردو وتی:"ھێز بۆ ئەوە کۆدەکرێتەوە پەکەکە لەباشوری کوردستان دەربکەن".
 
سەبارەت بەگوتاری دەوڵەتی سەربەخۆو پاڵپشتی وڵاتانی تورکیاو کەنداو بۆ ھەرێمی کوردستان، شوان داودی ئاماژەی بەوەدا، چیتر خەڵک بەو گوتارانە ھەڵناخەڵەتێت، "خەڵک زۆر لەوە ھۆشیارترە کە سەرکردایەتی کورد چاوەڕوانی دەکات، شوکر ھۆشیارە مەحوی تێدەگات دونیا چ خەرەباتێکە".
 
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەخنە لەوادەی سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا دەگرێت و دەڵێت:"دەبوو لەمکاتەدا مەسعود بارزانی ئەو سەردانە ئەنجامنەدات، چونکە لەسەرتاسەری عیراق ناڕەزایی لەپێشێلکردنی خاک لەلایەن تورکیاوە ھەیە، دەبوو دوای ئاساییبونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردولا سەردانەکە ئەنجامبدات".



PM:01:25:10/12/2015