داوا لەئەڵمانیا دەکات هاوکاری هەرێم بکەن لەچەسپاندنی دیموکراتیەتدا

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد سادق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەناوبانگی(فرانکفۆرتەر ئەلگێماینە تسایتونگ)ئەڵمانیدا، ناوەڕۆک و ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەرلین ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پەرلەمان و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە  داوای چەکی زیاتر دەکات بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێشمەرگە پێویستی بە مەشقی زیاترە بۆ ئەوەی کە ببێتە سوپایەکی پرۆفیشناڵ، پێویستە ئەو چەکانەی دەگەنە دەستی پێشمەرگە، لە ململانێ ناوخۆییەکاندا بە خراپ بەکارنەهێنرێت." هاوکات داوای کردوە کە لە بەهێزکردن و چەسپاندنی دیموکراتیدا ڕۆڵ ببینن وهاوکارمان بن بۆ سەروەری یاسا."

ڕۆژنامەکە لە پێشەکی دیدارەکەدا دەنووسێت، د.یوسف سەر بە پارتێکی  ڕیفورمخوازە لە هەرێمی کوردستان، لە 12 ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن هێزەکانی پارتییەوە ڕێگریی لێدەکرێت بچێتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. گۆڕان دوای پارتی دیموکراتی کوردستان کە 38 ئەندام پەرلەمانی هەیە، دووەم هێزی هەرێمی کوردستانە کە 24 کورسی لە پەرلەماندا هەیە.  لەم پەرلەمانەدا چەند فراکسیۆنێکی سەرەکی پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشکرد کە پەیوەستبوو بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم . بزوتنەوەی گۆڕان و سێ لایەنی تر داوای ڕۆیشتنی بارزانی دەکەن لە پۆستەکەی، چونکە پێیان وایە ماوەی یاسایی خۆی تەواو کردووە کە دوو خولی چوار ساڵییەو دوو ساڵیش دوای ئەو دوو خولە بارزانی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ درێژکراوەتەوە، کۆتایی ماوەی ئەم 2 ساڵەش لە 20 ی مانگی 8 ی 2015 دا کۆتایی هات. دوای ئەمە بارزانی ڕەتیکردەوە دەسەڵات جێبهێڵێت بە بیانوی جەنگ لەگەڵ داعشدا.  دوای ئەوە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەی سەند و پەرلەمان پەکخراوە. سەرۆکی پەرلەمان داوا دەکات کە کێشەکانی هەرێمەکەیان بە شێوازێکی دیموکراتی چارەسەر بکرێت.

لەو گەشتە دیبلۆماسییەیدا بۆ بەرلین، سەرۆکی پەرلەمان داوای هاوکاری و یارمەتی کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا ڕزگارکراون بۆ ئەوەی دانیشتوانەکانی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، بە تایبەتیش شەنگال و جەلەولا و کۆبانێ.




PM:08:42:11/12/2015