وەفدێکی ئێرانی بەنهێنی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆدەبێتەوە

دوای سەردانەکەی بارزانی بۆ سعودیە وەفدێکی ئێران بەسەرۆکایەتی جێگریی فەرماندەی قودس، مزگریان بە نهێنی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند" رۆژی ٤ شممە ١٢/٩ وەفدێکی فەرماندەی سووپای قودس کە بەسەرپەرشتی جێگرەکەی قاسمی سلێمانی هاتبووە شاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆدەبێتەوەو بەزمانی هەڕەشە ئامێز لەسەر سەردانەکەی بارزانی بۆ سعودیە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی دەکەن".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست سپی کەوتووە" وەفدەکەی ئێران زۆر توندبوون لەسەر سەردانەکەی بارزانی بۆ سعودیەو بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق و ئێران ناوزەدیان کردووە".

وەفدەکە داوایان لەیەکێتی کردووە کە هەڵوێستیان لەسەر ئەو هەڵسوکەوتەی سەرۆکی پارتی هەبێت.

سپی زانیویەتی ئەو وەفدە کە بەسەرۆکایەتی مسگریان بووە لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و د.خەسرەو گوڵ محەمەدو دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی کۆبوونەتەوە.

بەرپرسانی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەبەرژەوەندی حکومەتی هەرێمدا نییە ببێت بەبەشێک لەو ململانێیەی لە نێوان سونەو شیعە لەناوچەکەدا هەیە.

 رۆژی ١١/٣٠ مەسعود بارزانی لەدوای سەردانەکەی بۆ ئیمارات، گەیشتە شاری ریازی پایتەختی شانشینی سعودیە و لەگەڵ پادشای سعودیە سەلمان کۆبوەوە. 



PM:10:42:11/12/2015