پارتی: گۆڕان لە دروستکردنی هێزی چەکداری شکست دەهێنێت

بەرپرسێكی پارتی دەڵێت: "گۆڕان، بنکۆڵی جەماوەری یەکێتییان کردووە، هەروەها لە دروستکردنی هێزی چەکداری شکست دەهێنێت، چونکە نە خەڵکی کوردستان و نە حکومەت و نە یەکێتییش رێگا بەدروستکردنی هێز نادەن".

فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند "کردارەکانی ئێستەی گۆڕان، پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو هەموو دروشمە بریقەدارانەی پێشووتر بەگوێی خەڵکیاندا دەکرد، چونکە ئەوان بانگەشەی حزبی مەدەنی و شارستانییان دەکرد، ئێستەش کە بانگەشەی دروستکردنی هێز دەکەن، کەوایە راستگۆ نین لەگەڵ پەیامەکەیان و بانگەشەکانیان بۆ خەڵەتاندنی خەڵک بووە.

هەروەها وتی "دروستکرنی هەر هێزێک لە دەرەوەی یاسا و حکوومەت، دەستکێشکردنی خەڵکی دەرەکییە بۆ ناو کوردستان و دژایەتیکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان، لەلایەن حکومەتەوە قابیلی قبووڵ نییە، چونکە ئێستە ئێمە بەرەیەکی فراوانی جەنگمان دژ بە داعش هەیە، کێ دەیەوێت هێزی چەکدار دروست بکات، با بفەرموێت خۆی لەناو هێزی پێشمەرگە تۆمار بکات و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بچێتە بەرەکانی جەنگ".

لەبارەی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتییشەوە، فازڵ بەشارەتی ئەوەی خستەروو چەندە ناوماڵمان یەک بێت، زووتر دەگەین بە ئامانجەکانمان. ئەو خەڵکانەی ئێستەی گۆڕان، کاتی خۆی ئەو یەکێتییانە بوون کە رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتیان پێ قبوڵ نەکرا و لە واقیعەکە هەڵهاتن، بۆیە دوای ئەوەی ئەوەی ئەوان ویستیان نەیانتوانی بەدەستی بهێنن ئێستە بەدوای بەدیلێکی دیکە دەگەرێن.

دەشڵێ "ئێستە باس لە یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەکرێت، وەک پارتی پێمان خۆشە، چونکە ئەو هەموو هاتوهاوار و پاشاگەردانییەی گۆڕان دێتەوە ژێر رەشماڵی یەکێتی ئەو کاتەش شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ یەکێتی ئاسانترە".



AM:11:32:12/12/2015