غەیاس سورچی:هێرشەکەی داعش بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانیان بوو

کارگێری مەڵبەندی موسڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، غەیاس سوورچی رایگەیاند" داعش ماوەیەکی زۆرە هێرشی هاوشێوەی هێرشەکەی ئەو دوو رۆژەی رابردووی نەکردووەو ئامانجەکەشی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکەیان و خەڵکەکەی خۆیانە، بەتایبەتی دوای ئەو شکستەی لە شەنگال دووچار بوونەوە".

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی، غەیاس سوورچی کارگێڕی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی وتی " ئەو هێرشەی لەدوو رۆژی رابردوودا چەکدارانی داعش کردیانە سەر میحوەری خازر، ئەو رێکخراوە هێزێکی زۆر تایبەتیان لە سوریاوە هێنابوو بۆ ئەو شەڕەو بەپێی زانیارییەکانی ئێمە زۆربەیان بیانی بوون، ئامانجەکەشی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارەکان و خەڵکەکەیان بوو لە موسڵ کە بەتەواوی دوای ئازادکردنی شنگال، ورەیان رووخاوە".

ناوبراو وتی" هێرشەکەی داعش کە هێرشێکی فراوان بوو لە نەورانەوە بۆ شاخی زەرتەک درێژ دەبووەوە، سەرەتا نزیکبوونەوە لەگوندی حەسەن شام و تەلئەسوەدو مەنگووبە، بەڵام دوێنێ هێزی پێشمەرگە توانی لە دژە هێرشدا بە پاڵپشتی فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان تێکڕای ئەو  هێرشانە بشکێنێت و هەموو ناوچەکە لە چەکدارانی داعش پاک بکاتەوە".

سەبارەت بە زیانەکانی چەکدارانی داعش، غەیاس سورچی دەڵێت" لەمەیدانی شەڕەکە لەچەند شوێنێکی جیاجیا زیاتر لە لاشەی ٢٥ کوژراوی داعش لەبەردەم هێزێ پێشمەرگەدایە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ٦٣ تەرمیشیان بردۆتەوە بۆ پزیشکی دادوەری لە موسڵ".

سورچی سەبارەت بە زیانەکانی پێشمەرگە ئامادە نەبوو هیچ ژمارەیەک رابگەیەنێت، هەر هێندە نەبێت ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەشەڕێکی وەها گەورەدا شەهیدو برینداریش دەبێت.
    



PM:07:55:17/12/2015