ئۆردوغان داوای ئۆباما بۆ پاشەکشەی هێزەکانیان لەعێراق رەتدەکاتەوە

سەرۆکی تورکیا تەیب ئۆردوغان سوورە لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و شەوی رابردوو لەسەر ئەو پرسە داوایەکی تەلەفونی سەرۆکی ئەمەریکا، باراک ئۆبامای  رەتکردەوە.

ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە جگە لەشەڕی داعش و پرسە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، باراک ئۆباما لەو پەیوەندییە تەلەفونیەدا داوا لە ئۆردوغان دەکات هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، بەڵام سەرۆکی تورکیا رەتیدەکاتەوەو دەڵێت" مانەوەی ئەو هێزە لەبەرژەوەندی ئەمنی تورکیاو عێراقیشدایە".

تا ئێستا نەزانراوە ئەم داوایەی سەرۆکی ئەمەریکا تایبەتە بەهێزەکانی تورکیا نزیک بەعشیقە، یان سەرجەم ئەو هێزانەش دەگرێتەوە کەچەندین ساڵە هێنراونەتە ناوچەی بامەرنی لە دهۆک، بەبیانووی هەڕەشەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.

ئەو پرسە لەکاتێکدایە کە عێراق پرۆژە بڕیارێکی لە ١٢/١١ ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش کردووەو داوا دەکات ئەو دەزگا نێودەوڵەتیە هێنانی ئەو هێزە لەلایەن تورکیاوە مەحکوم بکات.

لەمانگی رابردوودا تورکیا هێزێکی زرێپۆشی هێنایە ناوچەی بەعشیقەی نزیک موسڵ، ئەم کردارەش بووە مایەی ناڕەزاییەکی توندی عێراق.
 



AM:10:44:19/12/2015