ئاسانكاریی بۆ وەرگرتنی خوێندكارانی ئێزیدی دەكرێت

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی ئێزیدی لە زانکۆکانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش هەوڵەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی ئێزیدی لە زانکۆکانی هەرێمی كوردستان.

له‌ به‌رامبه‌ردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ڕایگه‌یاند: بەئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین هەموو هەوڵێک بدین تا بتوانین خزمه‌ت پێشکەش به‌کوردانی ئێزیدی بکەین، هه‌ربۆیه‌ خوێندكارانی ئێزیدی لەگەڵ خوێندکارانی هەرێم جیاوازییان له‌گه‌ڵدا ناكرێت و وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین.

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران، ئەمڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ ڕێکەوتی (20/12/ ٢٠١٥) له‌ میانه‌ی پێشوازیکردنی لە شێخ شامۆ شێخۆ ئەندامی پاڕلەمانی کوردستان و سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالیش هات.

 لە دیدارێکدا کە د. ئامانج عەبدولڵا ڕاوێژکاری وەزیر ئامادەیبو، شێخ شامۆ شێخۆ ئەندامی پاڕلەمانی کوردستان و، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالیش ستایش و سوپاسگوزاری هەوڵەکانی وەزارەت و خودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ کارئاسانیکردنی خوێندکارانی ئێزیدی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و، لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئیزیدییه‌كانی ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و، ئەنجامدانی رێککاری یاسایی ئیداری بۆ ئەو خوێندکارانە له‌ ڕێگه‌ی میوانداری و گواستنەوەیان بۆ زانکۆکانی هەرێمی كوردستان.

له‌ به‌رامبه‌ردا د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: خزمەتکردن و کارکردن بۆ کوردانی ئێزیدی ئەرکیکی پیرۆز و شەرەفمەندایە بۆ ئەوەی بتوانین کەمێک لە ئازارو مەینەتیەکانی برا ئێزیدییه‌كانمان کەم بکەینەوە.

لەبارەی وەرگرتنی خوێندکارانی ئێزیدی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی هەرێم: وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند هەموو هەوڵ و توانای زانکۆکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنی خوێندکارە ئێزیدییه‌كان لە زانکۆکان، هه‌روه‌ك هەمان مەرج و رێنماییەکانی خوێندکارانی هەرێمیان بۆ پیادەدەکەین و جیاوازیان لەنێواندا ناکەین.   وتیشی بۆ ئەمساڵی خوێندن بەهەمان شێوە هاوکاری تەواوی خوێندکارە ئێزدییه‌كان دەکەین بۆ وەرگرتنیان یاخود میوانداریکردن و گواستنەوەیان.



PM:02:47:20/12/2015