" ئەگەری راگەیاندنی مینبەر لەناو یەکێتیدا نزیکە"

کێشەکانی یەکێتی لەجاران قوڵتر دەبێتەوەو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح هەستدەکەن پەراوێزخراون و لەنێو خۆیاندا باس لە دروستکردن و راگەیاندنی مینبەر لەناو ئەو حیزبەدا دەکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە لەکاتێکدا ماوەیەکە خەڵکانی دەرەوەی یەکێتی هەستدەکەن کێشەکانی ناو حیزبە ئارام بۆتەوەو جۆرە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوو باڵەکەدا بەدیدەکرێت، بەڵام بە پێچەوانە کێشەکان وەک " پشکۆی ژێر خۆڵەمێش " گەشەی کردووەو راگەیاندنی مینبەرێکی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رێکخراوەیی ئەگەرێكی نزیکە.

بەپێی ئەو زانیاریانە، باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کە وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن ١٧ کەسی سەرکردایەتی نێو ئەو حیزبەن، هەست بەوە دەکەن کە فەرامۆشکراون و هیچ دەسەڵاتێکیان لەناو یەکێتیدا نییە، کە دیارترینی ئەو باڵە جگە لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، ئازاد جوندیانی و محمود سەنگاوی و شێخ جەعفەرو حاکم قادر و رزگار عەلی و عەدنانی حەمەی مینەیە.

هەرچی باڵەکەی ترە، هێرۆ ئیبراهیم و بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی، د. خەسرەو گووڵ و بەرپرسانی کەرکوکی یەکێتی، رەفعەت عەبدوڵا و د. نەجمەدین کەریم و ئاسۆ ئەڵمانی و چەندانی تری سەرکردایەتی سەر بەو باڵەن.

سپی زانییویەتی راگەیاندنی ئەو مینبەرە لەناو یەکێتیدا هەر تەنها بەوەوە ناوەستێتەوە کە مینبەریك بێت لەرووی سیاسیەوە، بەڵکو لەرووی رێکخراوەیی و پێشمەرگەشەوە، ئەو باڵە دەیانەوێت مینبەرەکەیان جیابێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لە رۆژانی داهاتوودا کێشەکانی یەکێتی پەرەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و درووستبوونی ئەو مینبەرە ئەگەرێکی بە‌‌هێزە.



PM:03:15:22/12/2015