پارەی بەشەخۆراكی فەوتاوی هاوڵاتیان گەیشت

ڕێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق رایگەیاند: وەزارەتی بازرگانیی عێراق قەرەبووی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، بە هۆی پێنەدانی بەشەخۆراكی فەوتاوی چوار مانگ، پارەی بەشەخۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیانیش گەیشتووەتە هەرێم .

حوسێن سەبری، ڕێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق ئاشكرای كردووە: "بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق، هەر ماددەیەك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكرابێت، بە پارە قەرەبوو دەكرێتەوە، بۆیە بڕیار درا بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەر هاووڵاتییەكی هەرێم 18 هەزار دینار وەربگرێت، ئەویش قەرەبووكردنەوەی بەشەخۆراكی هەر چوار مانگی 9 و 10 و 11 و 12ـی ساڵی 2014ـیە".

ڕێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی هەرێم و عێراق راگەیاندووە: "ئێستا پارەی بەشەخۆراكی فەوتاوی هاووڵاتیان گەییشتووەتە هەرێم و لە سەنتەری شاری دهۆك دەست بە دابەشكردنی كراوە، هەفتەی داهاتوویش لە شارۆچكەكانی دەوروبەر دابەش دەكرێت، بەڵام تا ئێستا لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە دابەش نەكراوە، ئەگەرنا پارەكە گەییشتووە و هەفتەی داهاتوو لە سنووری ئەو پارێزگایانەیش دابەش دەكرێت".



PM:04:46:24/12/2015