فەخری کەریم پەیامێكی بارزانی دەگەیەنێت بە هێرۆ ئیبراهیم

کەسایەتی ناسراوی عێراقی و راوێژکاری پێشووی سەرۆکی عێراق، فەخری کەریم پەیامێکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دەگەیەنێتە هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی راگەیاند، فەخری کەریم زەنگەنە سەرۆکی دەزگای مەدا، پەیامێکی دەمی مەسعود بارزانی گەیاندۆتە هێرۆ ئیبراهیم و داوای لێدەکات سەردانی پیرمام بکات بۆ سازدانی کۆبوونەوە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی فەخری کەریم کە بەناوی سەردانی تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی عێراقەوە هاتۆتە سلێمانی و چۆتە ئۆفیسکەیە لە دەباشان، لەو دیدارەدا داوای لەهێرۆ ئیبراهیم کردووە سەردانی پیرمام بکات و لەگەڵ بارزانی کۆبێتەوە.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هێرۆ ئیبراهیم داواکەی بارزانی بۆ سەردانی پیرمام رەتنەکردۆتەوە، بەڵام داوای کردووە کە لەسەردانەکەیدا کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیش بەشدار بێت.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەردانەکە بەندە بەوەڵامی بارزانیەوە، بۆئەوەی هەردووکیان هیرۆ ئیبراهیم و کۆسرەت رەسوڵ سەردانی پیرمام بکەن و لەگەڵیدا کۆببنەوە.
رۆژی ١٢/٢٣ سەرۆکی دەزگای مەدا فەخری کەریم لە پیرمام لەگەڵ بارزانی کۆبوەوەو میدیاکانی پارتیش هەواڵی ئەو سەردانەیان بڵاوکردەوەو لە بڕگەیەکیدا هاتووە" لە بەشێکی دیدارەکەدا باسی ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لە پێناو شکاندنی تیرۆریستانی داعش و بیری توندڕۆیی کرایەوە."




PM:09:46:24/12/2015