" پارتی سەرۆکی پەرلەمان دەگۆڕێت‌و وەزارەتەکانیش ناداتەوە بە گۆڕان"

پارتی لە دواکۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆیدا بڕیاری داوە سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەد بگۆڕێت و جێگای وەزیرەکانی گۆڕانیش پڕ بکاتەوە بە کەسانی یەکگرتوو و یەکێتی و حیزبە بچووکەکان.

بەپێی زانیارییەکان پارتی دوای قبووڵکردنی " ئەمری واقیع" لەلایەن یەکێتی و یەکگرتو و کۆمەڵەوە، پارتی لەدوا کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری داوە کە سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕێت و  وەزیرەکانی گۆڕانیش بە یەکێتی و یەکگرتوو پڕ بکاتەوە، ئەگەر ئەوانیش رەزایی نەبوون بەو بژاردەیە، بە حیزبە بچووکەکانی بەشداربووی پەرلەمان پڕیان دەکاتەوە.  
 
تەلەفزیۆنی رووداویش لە راپۆرتێکیدا لەسەر ئەو زانیاریانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پارتی سوورە لەسەر پێ نەدانەوەی پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان بە بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كۆدەبێتەوە بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان.
ئەو تەلەفزیۆنە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەدوا کۆبونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سەر داوای بارزانی، پارتی بڕیاری ئەوەی داوە لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتوو، دەست بە دانوستاندن بکات، بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی گۆڕان لە حکومەت و پەرلەمان.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە شاندێکی باڵای پارتی، بارزانی خۆیشی لەگەڵ حیزبەکان کۆ دەبێتەوە، وەک تەلەفزیۆنەکە دەڵێت" پارتی نایەوێت هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ئەنجامدانی ئەو گشتپرسیەدا بهێڵێت، کە لەسەر سەربەخۆیی دەیەوێت ئەنجامی بدات، چارەسەرکردنی کێشەی نێوخۆییەکانی کوردستانیش یەکێکە لەو کارانەی دەیەوێت بێکات".



AM:09:49:25/12/2015