پارتی: لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا نین

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت ئەوان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نین‌و هەوڵ بۆ چارەكردنی كێشەكان دەكەن.

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ژمارەیەك پەرلەمانتار نیازیان وایە واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆ بكەنەوە، لەم بارەیەوە محەمەد عەلی یاسین، وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەری فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند: "ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان هەوڵ بۆ چارەكردنی كێشەكان و گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ دۆخێكی ئاسایی دەدەین بۆ ئەوەی كار بكات، بەڵام نەك گەڕانەوەی پەرلەمان بۆ دۆخی پێش ١٢ـی ئۆكتۆبەر، لەبەر ئەوەی ئەو شێوازەی كاری پەرلەمانی كۆتایی هاتووە".

وتیشی: "هەوڵ دەدەین پەرلەمان بە شێوازێكی دیكە و بە تەوافوقێكی نوێ كار بكاتەوە".

دەشڵێت: "وەكو فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەدا نین كە پەرلەمان هەڵوەشێتەوە، بەڵكی كار دەكەین بۆ ئەوەی دۆخەكە ئاسایی بێتەوە و بە شێوازێكی نوێ و بە سازانێكی تازە كار بكاتەوە".



AM:11:48:28/12/2015