سێ كەس بە تۆمەتی كڕین‌و فرۆشی گورچیلە دەستگیر كران

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاند لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی گورچیلەی مرۆڤ دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی گەرمیاندا هاتووە "پاش دەستكەوتنی زانیاری ورد و لێكۆڵینەوەی تەواو، لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی كەلار سەربە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی گورچیلەی مرۆڤە دەستگیركران."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "تۆمەتبارەكان بریتین لە (ب.ع.خ) لەدایكبووی ١٩٦٢ دانیشتووی سلێمانی، (أ.ع.ع) بە رەگەز عەرەب و لە دایكبووی ١٩٨٩، (م.م.ب ) بە رەگەز عەرەب و لە دایكبووی١٩٩٢."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "تۆمەتبار (ب) لەم تاوانەدا پێشینەی هەیەو پێشتریش چەند گورچیلەیەكی تری كڕیوە، هەروەها ناوبراو هەستاوە بە كڕینی گورچیلەی (أ.ع) لە بەرامبەر بڕی ٢٥ ملیۆن دینارو پێشەكی پێنج ملیۆن دیناری پێداوە."

ئاسایشی گەرمیان دەڵێت دوای دەستگیركردنیان تۆمەتبارەكان بە پێی ماددەی (٤) لە یاسای ژمارە (٨٥)ی ساڵی ١٩٨٦ تایبەت بە فرۆشتنی جەستەی مرۆڤە راگیراون و لێكۆڵینەوەش بەردوامە.



AM:11:03:29/12/2015