"بێجگە لە پێشمەرگە رێگە بەهیچ هێزیكی دیكە نادەین بچێتە نێو گوڵاڵە"

فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیەنێت، بێجگە لە پێشمەرگە رێگە بەهیچ هێزیكی دیكە نادەین بچێتە نێو گوڵاڵە.
 
مەحمود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ئەنادۆڵی راگەیاندووە، کە رێگا بە هیچ هێزێک نادەن جگە لە پێشمەرگە بچێتە نێو شارۆچکەی گوڵاڵە (جەلەولا)، تاوەکو هێزە عێراقییەکانیش رێگا بە پێشمەرگە نەدەن، بچێتە نێو شارۆچکەکانی سەعدییە و مەندەلی.

سەنگاوی باسی لەوەشکردووە، کە چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی پرسیاریان لەبارەی لێدانی خەندەق بە دەوری شارۆچکەی گوڵاڵە، ”ئەمە رێگایەکی سەربازییە بۆ پاراستنی ناوچەکە" لە هێرشی چاوەڕوانکراوی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

مەحمود سەنگاوی هەروەها ئاشکرای کردووە، کە ئەو لە بری شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەشێویەکی کاتیی بووەتە فەرماندەی یەکەی 70ـی وەزارەتی پێشمەرگە، ”ھەتا ئەوکاتەی شێخ جەعفەر دەگەڕێتەوە".

شارۆچکەی گوڵاڵە، کە دوای پێنج مانگ داگیرکردنی لەلایەن داعشەوە، لە رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2014 لەلایەن هیزەکانی پێشمەرگەوە رزگارکرایەوە، سەر بە قەزای خانەقینە و بە دووری 70 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پارێزگەی دیالەوە، ھەروەھا بە دووری 200 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری سلێمانی و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.



AM:11:43:29/12/2015