سەرۆکی پەرلەمان: هەر ڕێکەوتنێک بەبێ پەرلەمان، شەرعیەتی نییە

 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد سادق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لە تەلەفزیۆنی(الحرە)کە بڕیار شەوی دوو شەممە بڵاو بێتەوە، لەبارەی چەند پرسێکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ناوەڕۆکی سەفەرەکەی بۆ پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا بۆچوونی خۆی خستە ڕوو. 

لەبارەی پرسی دەستور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان دەڵیت "لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی تایبەت بە سەرۆکایەتی هەرێم هەیە، بەڵام بەڕێز مەسعود بارزانی دوو خولی خۆی تەواو کردووەو دوو ساڵیشی بۆ درێژکراوەتەوە، بۆیە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ڕێگرە جارێکی تر ماوەکەی بۆ درێژ بکرێتەوە، یاسا ڕێگریی لێدەکات نەک هیچ لایەن و کەسێک، هەربۆیە فراکسیۆنەکان هەوڵیاندا یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەجۆرێک هەموار بکەنەوە کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، بەڵام پارتی ئەوەی ڕەتکردەوە و کێشەکەی گەیاندە پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکانی تری هەرێمی کوردستان. 

لەبارەی ڕۆڵی چوار لایەنەکەش، لەم پرسەدا، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت" ئەو چوار لایەنە تا ئێستاش سوورن لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم."

 لەبارەی ئەو ریکەوتنانەی لە ئێستادا بەناوی هەرێمەوە لەگەڵ وڵاتاندا دەکرێن، سەرۆکی پەرلەمان دەڵیت " هەر ڕێکەوتنێک بەناوی هەرێمەوە لەگەڵ وڵاتاندا بکرێت بە بێ ئاگاداری پەرلەمان، شەرعیەتی نییە." 

سەبارەت پەیڕەونەکردنی سیستەمی لامەرکەزی ئیداریی، سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێت" تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان هزرێکی مەرکەزی لە حوکمڕانی پەیڕەو دەکرێت و هەمو دەسەڵاتەکان لە پایتەختدا چڕکراوەتەوە، ئەمە وایکردووە سلێمانی و دهۆک هەست بە پەراوێزخستن بکەن. 

دەربارەی هاتنی هێزی وڵاتانی دراوسێ بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "هاتنی هێزی سەربازی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، نامانەوێت کوردستان ببێتە شوێنی ململانێی هیزە نێودەوڵەتییەکان.

 لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت"دەیان ساڵە تورکیا دەیەوێت بە کێشەی سەربازی چارەسەری پرسی کورد لە باکور بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە." 



PM:06:53:02/01/2016