حكومەتی هەرێم بەشی دووەمی چاكسازیەكان ڕادەگەیەنێت

بڕیارە لەهەفتەی داهاتوودا حكومەتی هەرێم قۆناغی دووەمی چاكسازییەكانی رابگەیەنێت و ئەندامێكی لیژنەی پێداچوونەی ئیداری و داراییش دەڵێت: "بە هیچ جۆرێك باسی كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نەكراوە".

د ئاراس خۆشناو ؛ئەندامی لیژنەی پێداچوونەی ئیداری و دارایی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوە، ڕەوتی چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم بەردەوام كاری تێدادەكرێت، ئەوەی لە دەست حكومەتدایە شەش قۆناغە و قۆناغی یەكەم لە ماوەی ڕابردوو ڕاگەیەندراوە.

ئاشكراشی كرد، ئێستا قۆناغی دووەم ئامادەكراوە، كە حەوت بڕیار دەبێت و تەنها ماوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزای بكات و بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەسەندكردن و ڕەنگە تا هەفتەی داهاتوو ڕابگەیەندرێت.

دەشڵێت: "بە ھیچ جۆرێك تا ئێستا باسی كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران نەكراوە و تەنها دەرماڵەی ئەو كەسانە دەبڕدرێت، كە بە ناهەق وەریانگرتووە و ئەوەی هەقی خۆیەتی بە ھیچ شێوەیەك لێی نابڕدرێت؛ هەڵبەت بڕیاری كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پلەبەرزەكان دراوە".

لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان 11 خاڵی بۆ چاكسازی ڕاگەیاند و ئەو چاكسازیانەش بە وتەی شارەزایانی ئابووری "زیاتر دەچوونە چوارچێوەی كەمكردنەوەی خەرجیەكان و زیادكردنی داهاتەوە".



PM:05:11:06/01/2016