خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستیپێكردەوە

ئەمڕۆ دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایان لە شاری هەڵەبجە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی شارەكە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ مانگرتنی فەرمانبەرانی شارەوانییەكانی سلێمانی و هەڵەبجەدا.

دەستەی‌ داكۆكی‌ لە مافی‌ مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاند، لە وەرزی‌ یەكەمی‌ خوێندندا، بەهۆی‌ دابەشنەكردنی‌ مووچەی‌ 3 مانگیانەوە، بۆ ماوەی‌ 3 هەفتە مانگرتنیان ڕاگەیاند، بەڵام حكومەت هیچ وەڵامێكی‌ نەداونەتەوەو لەئێستادا مووچەی‌ 4 بۆ 5 مانگیان پێنەدراوە.

  داواش لە سەرجەم مامۆستایان دەكەن، لەڕۆژی‌ 20ی‌ ئەم مانگەوە، هەڵوێستی‌ جدیان هەبێت‌و بێدەنگ نەبن لەئاست پێشێلكردنی‌ مافەكانیاندا.
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەی هاوڵاتی، دەوامی هەریەكە لە شارەوانی سلێمانی، كارەبا، ئاو، شارەوانییەكان، باجی خانوبەرە و كۆمپانیاكان، گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری دەوامەكانیان كەم كراوەتەوە.

بەشێك لەم فەرمانگانە دەوامیان كەمكردۆتەوە بۆ سێ‌ كاتژمێر لە رۆژێكدا و هەندێ فەرمانگەش سێ‌ رۆژ لە هەفتەیەكدا.



PM:01:46:10/01/2016