لێدوانی پارتی لەسەر لامەركەزیەتی سلێمانی

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئێستا كاتی ئەوە نییە سڵیمانی داوای لامەركەزیەت بكات، بەمەش قەیرانی دارایی لە هەرێم زیاتر قوڵدەبێتەوە.

زیاد كاكەڕەزا ؛سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی؛بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاندوە، ئێستا كاتی ئەوە نییە باسی ئەو لامەركەزیەتە بكرێت، لەبەر ئەوەی ھەرێم لە قەیراندایە و ئەمەش ئاسان نییە و دەبێت بە یاسا ڕێك بخرێت جا بەو شێوەیە بێت، كە داوای دەكەن وەزارەتی دارایی هیچ ڕۆڵێكی نابێت.

دەشڵێت، بەمە قەیرانی دارایی لە هەرێم قووڵتر دەكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەر پارێزگایەك داهاتەكەی بۆ خۆی بێت، ئەوكات موچەی فەرمانبەران زیاتر لەوەی ئێستا دوا دەكەوێت ئەوكات چۆن مووچەكە بدرێت.

ڕاشیگەیاندوە ، یاسای ژمارە سێ بۆ لامەركەزیەتی پارێزگاكانە بۆ ڕاییكردنی ئیشوكار و خزمەتكردنی خەڵك بنەبڕكردنی  ڕۆتینیاتە، ئەوەی لە ئێستادا لە سلێمانی باسی لێوە دەكرێت بۆ لایەنی داراییە، كە هەر پارێزگایەك سەروەت و سامانەكەی بۆ خۆی بێت، بەڵام ئەمە بەبێ یاسا و بەرنامەیەكی تێروتەسەل ناكرێت دەبێ یاسا بڵێت سەداچەندی داهات بۆ پارێزگاكە خۆی بێت و چەندیش بۆ حكوومەت.

ئاماەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەوانەی باس لەوە دەكەن حزبەكەی دژی لامەركەزیەتە ڕاست ناكەن ھەر شتێك قازانجی خەڵكی ھەرێمی كوردستان تێدا بێت، پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵیدایە.



PM:09:33:16/01/2016