یەكێتی داوا لەحكومەت دەكات وەڵامی داواکانی خەڵک بداتەوە
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەبارەی دواکەوتنی موچە و پرسیاری ھاوڵاتیان داوایەک ئاڕاستەی حکومەت دەکات و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمیش بەبەرپرس لەدابینکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران ناودەبات.
ئەمڕۆ 17/1 قادر حەمەجان لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ڕایگەیاند"لەڕووی یاساییەوە وەرگرتنی مووچە مافێکی وە دەستھێنراوی فەرمانبەران و مامۆستایان و کارگوزارانە و ئەوەنییە لایەنێک پێیان ببەخشێت، بۆیە بەڕاشکاوی دەڵێین سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بەررپرسن لەدابینکردن و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران".
وتیشی"داوا لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەزووترین کات وەڵامی داواکارییەکان و پرسیارەکان خەڵک بداتەوە، لەبەرانبەر ڕێکەوتنە نەوتیەکان و شیرینی نەوتیش شەفاف بێت لەگەڵ ھاوڵاتیان و حیزبە سیاسییەکاندا".
ئاماژەی بەوەشدا کە وەک یەکێتی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوام دەبێت بەمەبەستی گەیشتن بەچارەسەرێکی دروست.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیـ لەبارەی دەرھێنان و گواستنەوەی غازی سروشتی، ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی یاسا مافی خۆمانە ئاگاداری داھاتی غاز بین" و داھاتی ئەو غازەش دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بەکاربێت و وەک پترۆدۆلاریش داھاتێک بۆ ئەو ناوچانە دابنرێت کە بەرھەمەکەی لێوە دەردەھێنرێت.
PM:03:28:17/01/2016