ئەمڕۆ هەردوو باڵەکەی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی دەوامیان کرد

ئەمڕۆ ١/١٩ هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم لە بینایەی مەکتەبی سیاسی دەوامیان کرد.

دوای دابڕانێکی زۆر ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی چووە بۆ کارکردن لە بیانی مەکتەبی سیاسی، هاوکات جێگری یەکەمیش کۆسرەت رەسوڵ  کە ناو بەناو دەچووە مەکتەبی سیاسی ئەمڕۆ چووە ژورەکەی خۆی بۆ دەوامکردن.
هاوکات هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی مەکتەبی سیاسیش لە ژوورەکەی خۆی لە بینایەی مەکتەبی سیاسی چووە سەر کارەکەی.

بەپێی زانیاریەکانی سپی ئەو سێ بەرپرسەی یەکێتی بۆ ماوەیەکی کەم وەک هەواڵ پرسین سەردانی یەکتریان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند " سەردانی ئەو سێ بەرپرسەی یەکێتی بۆ بینایەی مەکتەبی سیاسی بەو مانایە نییە کە پەیوەندی نێوان ئەو دوو باڵە بەرەو باشی دەڕوات، بەڵکو باڵی کۆسرەت و بەرهەم ساڵح لەوەو پێش نەدەچوونە مەکتەبی سیاسی و لەوێوە کارەکانیان هەڵندەسوڕاند، بەڵام بڕیاریان داوە کە چیتر لەوێ دەوامی خۆیان بکەن".

بەپێی زانیارییەکانی سپی باڵی کۆسرەت و بەرهەم ساڵح بڕیاریان داوە مومارەسەی دەسەڵاتەکانی جێگری سکرتێری گشتی بکەن کە پێدەچێت لەم حاڵەتەدا ناکۆکیەکان تۆختربنەوەو روبەروبوونەوە رووبدات.

بیانەیەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە دەکەوێتە ناو جەرگەی سلێمانی. پێشتر بینای پەروەردەی سلێمانی بووە، بیانەکە لەچەندان ژوور پێکدێت و هەردوو جێگر و کارگێڕانی مەکەتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامی مەکتەبی سیاسیش ژووریان لەو بیانەیدا هەیە. 



PM:10:04:19/01/2016