"ده‌ستبه‌سه‌ر 276 ملیار دیناری هاوسه‌رکه‌ی ئاشتی هه‌ورامیدا گیرا"

لیژنه‌یه‌ک له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی به‌سه‌ر 276 ملیار دیناری چراخان ره‌فیق عومه‌ری هاوسه‌ری ئاشتی هه‌ورامیدا گرت که له‌بواری بازرگانی نه‌وتدا مامه‌ڵه‌ی پێکردووه‌.

ماڵپه‌ڕی وشه‌ که‌ ماڵپه‌ڕێکی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستانه‌ بڵاویکرده‌وه‌ " لە ئەنجامی لێژنەیەكی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ لێكۆڵینەوە لە چەند دۆسیەیەكی تایبەت بە نەوت و بازرگانیكردن پێیەوە، دەست بەسەر 276 ملیار دیناری چراخان رەفیق عومەر گەورە بازرگانی نەوتدا گیرا. ئەو بازرگانە، هاوسەری ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە."
ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌کی لیژنه‌که‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات" چراخان ره‌فیق عومەر بە شێوەی نایاسایی بازرگانی بە نەوت كردووە و لە چەند گەندەڵییەكدا تێوە گلاوە، بۆیە ئێستە دەست بەسەر 276 ملیار دیناری ئەو بازرگانەدا گیراوە. ئەو بڕە پارەیە، لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانه‌". 

سەرچاوە ئاگەدارەكە بە ماڵپه‌ره‌ه‌که‌ی وتووه‌ "ئێستە لە قۆناغی یەكەمدا دەستمان بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر و هەر ناڕێكییەكی تر ببینین، بە هێزی یاسا رێكی دەخەینەوە".
ئەو بازرگانە بە هۆی "قۆرخكردنی بازاڕ و هاتنەوەی زۆربەی گرێبەستەكانی نەوت بە ناوی ناوبراوەوە"، بەدواداچوون بۆ كاروبارەكانی كراوە و دواتر لێژنەكە بۆی دەركەوتووە كە "گەندەڵی" لە كارەكانیدا هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە ناوی لای "وشە" پارێزراوە، چراخان رەفیقی هاوسەری ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێگەی سێ كۆمپانیای "كاندید"، ماجستیك پەكێج" و "ئەلمەنتق"، بازرگانیی بە نەوتەوە كردووە.

بە پێی زانیارییەكانی "وشە"، چراخان رەفیق كە هەڵگری دوو پاسپۆرتی عێراقی و یەكی ئەڵمانییە، ئێستە كوردستانی جێ هێشتووە. ناوبراو دوای دەست پێكردنی لێكۆڵینەوە لە كارە بازرگانییەكانی، رووی لە توركیا كردووە و ئێستە لە ئەستەنبۆڵی توركیایە.
ماڵپه‌ڕه‌ه‌که‌ ده‌ڵێت "ئێستە هەندێ لە دەسەڵاتداران دەیانەوێ پارە دەستبەسەرگیراوەكە بۆ چراخان رەفیق بگێڕنەوە، بەڵام لێژنەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم هۆشداری توندی بەو دەسەڵاتدارانە داوە".

چراخان رەفیق، ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەماوەندی كرد. ئەو، ساڵی 2007 هاتووەتەوە كوردستان و لە رێگەی چەند كۆمپانیایەكەوە كە بە ناوی خۆی تۆمار كراون، بازرگانیی نەوتی كردووە.  
ئه‌و لیژنه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ نه‌کردووه‌ که‌ تاچه‌ند هاوسه‌رکه‌ی ئاشتی هه‌ورامی سوودی له‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ وه‌رگرتووه له‌بازرگانیه‌که‌یدا ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ی پێکردووه‌.‌ 



AM:11:18:20/01/2016