"لەدوای سەدامەوە عێراق ٤ سەرۆکی گۆڕیوە، هەرێم تەنها١ سەرکردەی هەیە"

شارەزایەکی بیانی کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت" لە دوای روخانی سەدامەوە، عێڕاق (4) سەرۆك وەزیرانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان تەنها یەك سەركردەی هەیە، كە ئێستا ئامادە نییە دەستبەرداری دەسەڵاتبێت".

مایكڵا رۆبن، شارەزا و لێكۆڵەری ئەمەریكی، لە راپۆرتی دامەزراوەی هەڵسەنگاندنی ئابوریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست،  ئاماژە بەوە دەکات "حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیفلاسی كردوە و كەوتوەتە دۆخێكەوە كە داوای هاوكاریی مادی لە وڵاتانی رۆژئاوا بکات كە هۆكاری سەرەكی ئەم ئیفلاسكردنەی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕی داعش گەڕاندۆتەوە".

لێکۆڵەر لە نوسینێكدا كە لە گۆڤاری كۆمێنتەریدا بڵاویكردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە ، كە سەرچاوەی ئەو قەیرانە، گەندەڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمە و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوتیش هۆكاری ترن، بەڵام ناكرێت بە تەنها هۆكار لە قەڵەمبدرێن، چونكە وڵاتانی تریش دوچاری ئەو دو هۆكارە هاتون، بەڵام ئیفلاسیان نەكردوە و دۆخەكەی هەرێمی كوردستان لەوە ئاڵۆزترە.

ئەو پسپۆرە دەڵێت" حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی (600) ملیۆن دۆلاری بە قەرز داوەتە كۆمپانیای كۆڕەك و گەر ئەو كۆمپانیایە نەتوانێت ئەو پارەیە بداتەوە، هەرێم دەتوانێت كۆمپانیاكە بفرۆشێت كە زۆر زیاتر لە ملیارێك دۆلار دەكات، دەشڵێت: مەسرور بەرزانی تەنها بۆ ئاهەنگی یادی لەدایكبونەكەی، كۆشكێكی لە واشنتۆن كڕیوە".

جگە لەوەش نرخی موڵك لە هەرێمی كوردستان بەرزە و حكومەتی هەرێم دەتوانێت سەرجەم ئەو موڵكانە بفرۆشێت كەلەلایەن خێزانی بارزانی و پارتە سیاسییەكانەوە قۆرخكراوە و موچەی هاوڵاتییانی پێ دابین بكات.



PM:05:44:22/01/2016