قوباد تاڵەبانی: لەبەرەی پێشەوەم

جێگری سەرۆکی حکومەت وەڵامی هەندێک رەخنەی ئەندامانی حیزبەکەی دەداتەوەو دەڵێت" ناتوانم لەو جەبهەیەی کە تێیدام لەبەرەی پێشەوە نەبم".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە لێیدەگیرێ کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەم قەیرانەی دارایی زۆر دەردەکەوێت، ئەو دەڵێت" ئێستا هەمووتان و بەتایبەت یەكێتیە خوێن گەرم و دڵسۆزەكان ڕەنگە بڵێن بۆ قوباد لەبەرەی پێشی ئەو جەنگە ئابووریە سەختەدایە كە ڕووبەڕووی كوردستانەكەمان بووەتەوە، بۆچی خۆی خستووەتە ژێر باری قەیرانێك و سیستمێك كە جگە لەشەڕی داعش و بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ئاوارەیەكی زۆر، دەرەنجامی ٢٤ ساڵ حكومڕانی پێشوو بووە".

لە وەڵامی پرسیارەکاندا تاڵەبانی دەڵێت "ناتوانم لەو جەبهەیەی كە تێیدام لەبەرەی پێشەوە نەبم، یەكێتیش ڕانەهاتووە خۆی لەبەرپرسیارێتی بدزێتەوە و قوتابخانەکەمان وای ڕانەهێناوم، دەزانن برایەتی، هاوڕێیەتی، دڵسۆزی بۆ نیشتمان. لە ڕۆژی مەوقیف و تەنگانەدا دەردەكەوێت، ئێمەش لەم ڕۆژە سەخت و دژوارەدا، ئەگەر دڵسۆزی خۆمان بۆ گەلەكەمان دوپات نەكەینەوە ئەی كەی بیكەین".


 



AM:12:19:29/01/2016